هیومان رایتس وۆچ: هەزاران بەندکراوی عیراقی بە ژن و منداڵەوە لە رەوشێکی خراپدان

‌ژمارەیەک راگیراو لە بەندیخانەی تلکێف، فۆتۆ: هیومان رایتس وۆچ

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایگەیاند، ناوەندەکانی راگرتن لە نەینەوا هەزاران بەندکراویان تیادایە و زۆربەیان بە تیرۆر تۆمەتبارن و بۆ ماوەی درێژ و لە رەوشی خراپدا بەندکراون.

بەپێی راپۆرتێکی هیومان رایتس وۆچ، رەوشی هەزاران راگیراوی عیراقی، لەنێویاندا ژن و منداڵ لەوپەڕی خراپیدایە.

لەما فەقێ، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵات لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "حکومەتی عیراق زۆر پێویستی بە بونیادنانەوە و گونجاندنی ناوەندەکانی راگرتنە، پێویستە عیراق راگیراوەکان لە شوێنی گونجاودا بهێڵێتەوە و گونجاوبێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان".

شارەزایەکی بەندیخانەکانی عیراق بە هیومان رایتس وۆچ-ی راگەیاندووە، "توانای هەر سێ ناوەندەکانی راگرتن لە باکووری عیراق لە تلکێف و فەیسەڵییە و تەسفیرات دوو هەزار و 500 کەسە، کەچی تا مانگی حوزەیران ژمارەی راگیراوان لەو ناوەندانە گەیشتە نزیکەی چوار هەزار و 500 کەس، کە هه‌زار و 300 کەسیان دادگا بڕیاری لەسەر داون و سزایان بۆ دیاریکراوە و دەبوایە بۆ بەندیخانەکانی بەغدا بگوازرێنەوە".

هیومان رایتس وۆچ دوو وێنەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، وێنەی یەکەم هی بەندکراوانی هەرزەکارە لە بەندیخانەی تلکێف، وێنەی دووەمیش هی ئافرەتانی بەندکراوە لە یەکێک لە بەندیخانەی تلکێف.

هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوەشدەکات: "پێشتر حاڵەتی مردنمان لە کاتی راگرتن لە نەینەوا بەهۆی قەرەباڵخی زۆرەوە تۆمارکردووە. بۆیە پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داد لە سەرەتا و بەخێرایی رەوشەکە باشتر بکەن و لێکۆڵینەوەکان خێراتر بکەن".

هــ. ر


AM:10:45:04/07/2019






ئه‌م بابه‌ته 3008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت