ئه‌و وێنه‌یه‌ی میدیاكانی جیهانی هه‌ژاند

‌وێنەی‌ تەرمی‌ باوک و کچەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
وێنەی‌ تەرمی‌ باوک و کچێک لە سنووری‌ نێوان ئەمریکا و مەکسیک دەنگدانەوەی‌ لە میدیا جیهانییەکان لێکەوتەوە.


ماڵپەڕی سی ئێن ئێن، بڵاویکردووەتەوە: وێنەیەک پشتڕاستی ئەو قەیرانە دەکاتەوە کە لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک هەیە، ئەویش وێنەی باوکێک و کچێکی دوو ساڵانیەتی، دوای ئەوەی لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەیان بۆ ئەمریکا خنکاون، تەرمەکەیان لە کەناراوێکدا دۆزراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، ئەو پیاوە تەمەنی 25 ساڵ بووە و ناوی ئۆسکار ئەلبێرتۆ مارتینێز رامیڕێز بووە و کچەکەیشی کە تەمەنی نزیکی دوو ساڵ بووە ناوی ڤالێریا بووە.

سی ئێن ئێن باسی لەوە کردووە، ئەو وێنەیە لەلایەن رۆژنامەنووسی وێنەگر، جولیا لو دوک-ەوە بڵاوکراوەتەوە، کە لە وڵاتی مەکسیک دەژی.

وەک لە وێنەکەدا دیارە، باوکی کچەکەی‌ لەناو جلوبەرگەکەیدا هەڵگرتووە، دەستی چەپی کچە دوو ساڵانەکەش لە ملی باوکیدایە.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەبارەی رووداوەکەوە لە زاری تینا ڤانیسا ئاڤالۆس هاوسەری ئەو پیاوەی کە خنکاوە ئەوەی خستووەتەڕوو، ماوەی دوو مانگ بە جۆرێکی ڤیزا لە مەکسیک بوون.

دایکی ئەو پیاوە خنکاوەش وتوویەتی، "لێیان پاڕامەوە کە نەڕۆن، بەڵام ئەو ویستی پارە کۆکاتەوە بۆ بونیادنانی خانوویەک."

میدیاکان ئەو دیمەنەیان چواندووە بە دیمەنی ئالان کوردیی سێ ساڵان، کە لە ساڵی 2015 دا لە کەناراوێکی تورکیادا تەرمەکەی دۆزرایەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، ئەو خانەوادە خەڵکی ئێل سێلڤادۆر بوون و ویستوویانە بە شێوەی قاچاخ خۆیان بگەیەننە ئەمریکا.

 ئەلێکساندرا هیڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێل سێلڤادۆریش داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە کە چیتر ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە بۆئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ بکەن.

لەلایەکی ترەوە ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر سەرۆکی مەکسیک هۆشداریی داوە و مەرگی ئەو باوک و کچەی بە "زۆر جێگای داخ" ناوبردووە.

ڕەخنەگرانی دۆناڵد ترەمپیش هەڵوێستی توندیان هەبووە دژ بە سیاسەتەکانی ترەمپ لەبارەی کۆچەوە و دەڵێن، سیاسەتەکانی ترەمپ وا لە کۆچبەران دەکات کە رێگای زۆر ترسناکتر بگرنەبەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە مانگی شوباتی ئەمساڵ ترەمپ لەبارەی دۆخی سنووری باشووری ئەمریکاوە حاڵەتی لەناکاوی راگەیاند.

لە ساڵی 2018 دا لە سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک لانیکەم 283 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، بەڵام چالاکانی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ژمارەکە لەوە زیاترە.

هــ. ر


PM:09:30:26/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 2208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت