تره‌مپ: جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا درێژه ناخایه‌نێت
وێستگه نیوز –
سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه هه‌ر جه‌نگێك له‌گه‌ڵ ئێران‌دا به‌رپا ببێت درێژه ناخایه‌نێت، به‌دووریشی زانی هێزی زه‌مینی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكات.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 26ی حوزه‌یرانی 2019 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی "فۆكس"ی تایبه‌ت به هه‌واڵی ئابوری وتی: "ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا به‌رپاببێت، هیچ هێزێكی پیاده‌ی ئه‌مریكی له گۆڕه‌پانی جه‌نگ نابێت".
تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه سه‌ركردایه‌تی ئێران لاوازن هیچ و زیره‌كیان نییه، وتیشی: "خوازیارم له‌گه‌ڵ ئێران نه‌كه‌وینه جه‌نگه‌وه، به‌ڵام گه‌ر شتێك رووبدات ئێمه له بارودۆخێكی زۆر به‌هێزداین".
تره‌مپ راشیگه‌یاند كه "ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران جه‌نگ رووبدات، درێژه ناخایه‌نێت".
ئه‌و لێدوانانه‌ی تره‌مپ له كاتێكدایه دوێنێ سێشه‌ممه له تویتێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر باسی له‌وه كرد كه سه‌رده‌می جۆن كیری و ئۆباما كۆتایی هاتووه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ نه‌رمی نواندنه‌كانی باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا و جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ئه‌و كاته‌ی ئۆباما، كه تا ئێستا چه‌ندین جار تره‌مپ هێرشی كردووه‌ته سه‌ریان، به‌وه‌ی زۆر نه‌رم بوون له‌گه‌ڵ پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران‌دا.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی خسته خواره‌وه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتۆن و تارانی ئاڵۆزتر كرد.
دواتر ئیداره‌ی ئه‌مریكا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی ئێران كۆبۆوه و تره‌مپ بڕیاری وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له ئێران دا، به‌ڵام له دواساتدا پاشگه‌زبووه‌وه.
له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا لێپرسراوانی باڵای ئێران و ئه‌مریكا زۆرترین لێدوانی توندییان له دژی یه‌كتر داوه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ردوو جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به توندی وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه.
PM:05:10:26/06/2019
ئه‌م بابه‌ته 7396
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت