وێنه‌یه‌كی كوشنده‌ بۆ خه‌ونی گه‌یشتن به‌ ئه‌مریكا

‌ئۆسکار و ڤالێریا

وێستگه‌ نیوزـ

وێنه‌یه‌كی كاره‌ساتی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌ی سنوری مه‌كسیك به‌ره‌و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ده‌ن، كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی ئایلان كوردیی به‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی توركیا خنكا.

له‌ وێنه‌كه‌دا باوكێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵی خه‌ڵكی سلڤادۆر به‌ناوی ئۆسكار رامیریرز و كچه‌ ته‌مه‌ن دوو ساڵه‌كه‌ی به‌ناوی ڤالێریا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ له‌ كه‌ناری روباری ریۆ گراندنی سه‌ر سنوری مه‌كسیك له‌كاتی هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ ئه‌مریكا خنكاون.

وه‌ك له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ڤالێریا به‌مردویش ده‌ستی له‌ باوكی نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك میدیاكان باسیانكردوه‌، تا دواساته‌كانی ژیانیان ئه‌و كچ و باوكه‌ هه‌ر پێكه‌وه‌ بوون، ئه‌وه‌ش به‌و هیوایه‌ی بگه‌نه‌ ژیانێكی باشتر له‌ ئه‌مریكا، كه‌چی خنكان و به‌و خه‌ونه‌یان نه‌گه‌یشتن.

راستیی چیرۆكی خنكانی ئه‌و كچ و باوكه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی لو دوك-ی مه‌كسیك ئاشكراكراوه‌ و بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ باوكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌یدا روباره‌كه‌ی بڕیوه‌ و گه‌یشتوه‌ته‌ به‌ری ئه‌مریكا، له‌وێ كچه‌كه‌ی جێهێشتووه‌ و ویستویه‌تی دووباره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وبه‌ر تا هاوسه‌ره‌كه‌شی ده‌رباز بكات، به‌ڵام وادیاره‌ كچه‌كه‌ ته‌مه‌ن دوو ساڵه‌كه‌ی ترساوه‌ و شوێن باوكی كه‌وتوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ به‌ سه‌ره‌تای كاره‌ساته‌كه‌ و ئاو هه‌ردوكیانی بردووه‌ و خنكاون.

چیرۆكی ئۆسكار و ڤالێریا، كاره‌ساته‌كه‌ی ئایلان كوردیی ته‌مه‌ن 3 ساڵ به‌بیر میدیا جیهانییه‌كان هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2015 و له‌كاتی خه‌ونی په‌ڕینه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌وروپا، له‌ ئاوه‌كانی توركیا خنكا و دواتر دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ كه‌ناراوه‌كانی توركیا جیهانی هه‌ژاند.

له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته‌شدا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا سیاسه‌ته‌كانی دژی په‌نابه‌رانی ئه‌مریكای باشور چڕكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ سنوره‌كانی مه‌كسیكه‌وه‌ بچنه‌ وڵاته‌كه‌ی.


AM:09:57:26/06/2019


















ئه‌م بابه‌ته 13044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو