نێچیرڤان بارزانی‌ داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌كات


وێستگه‌ نیوز -
نووسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا له‌ په‌رله‌مانتاری‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات كه‌ كارا بن و ئیلتزامی ته‌واویان هه‌بێت و هه‌موو تواناكانیان بخاته‌ گه‌ڕ له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی پارتی.

ماڵپه‌ڕی‌ ره‌سمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌24ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2019 نووسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی نوسینگه‌، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌حموود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوویه‌وه‌ .

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌ها به‌رواری، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی رایگه‌یاند كه‌ "گرنگی و بایه‌خی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاری یه‌ك تیمی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ پێناو ئه‌نجامدانی ئه‌دایه‌كی په‌رله‌مانی سه‌ركه‌وتوو كه‌ له‌ ئاست خواستی هاووڵاتیانی كوردستان بێت".

ته‌ها به‌رواری جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌ "ئیلتزامكردن به‌ به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارتی و هه‌ماهه‌نگی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ دواجار خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی كوردستانه‌" .

وتیشی‌: "پێویسته‌ په‌رله‌مانتار كارا بێت و ئیلتزامی ته‌واوی هه‌بێت و هه‌موو تواناكانی بخاته‌ گه‌ڕ له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی پارتی و ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ هاوڵاتیان پێانداون".

دواتر مه‌حمود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له‌ به‌ هێزی پێگه‌ی حزبه‌كه‌ی‌ و مه‌سعود بارزانی كرد له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌ریان له‌ رێڕه‌وی رووداوه‌كان و حیساب بۆ كردنیان له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆ و عیراق و وڵاتانی ئه‌قلیمی و دنیادا و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و متمانه‌یه‌ گه‌وره‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ پارتیان داوه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌رله‌مانتارانی پارتی و فراكسیۆنه‌كه‌ی هه‌موو تواناییه‌كی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاست ئه‌و متمانه‌یه‌ بن كه‌ هاووڵاتیان پێیانداون و ئه‌وانیش خزمه‌تیان بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی‌ نێچیرفان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غداو كۆبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ل به‌رپرسانی عیراقی، مه‌حمود محه‌مه‌د ته‌ئكیدی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌رۆشی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ گه‌ل به‌غدا و پشتیوانی له‌و كه‌ش و هه‌وا سیاسیه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌ ئارادیه‌ و باسكردنی ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ چاره‌سه‌ركردنیان به‌ خێر بۆ گه‌لانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌شكێته‌وه‌".

هه‌وه‌ها باسی له‌ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا كرد كه‌ به‌ "سه‌ردانێكی گرنگ و به‌رهه‌مدار"ی له‌ قه‌ڵه‌مدا بۆ زیاتر به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا .

پرسی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆكان له‌ گه‌ل لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانی محمود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بوو كه‌ بۆ په‌رله‌مانتارنی خسته‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاو روونیان هه‌بێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی پارتی له‌ چه‌ند قسه‌یه‌كدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ ڕێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی له‌و جۆره‌دا بۆ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی پارتی و ئاماده‌بوونی مه‌حمود محه‌مه‌د، باسێكی باروودۆخی په‌رله‌مانی كرد له‌ كاری لیژنه‌كان و هه‌ماهه‌نگی و كاری یه‌ك تیمی فراكسیۆنی پارتی و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌موو ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی به‌ یه‌ك رووحیه‌ت كاری به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین له‌ پێناو خزمه‌تكردنی كوردستان و ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ هاووڵاتیان به‌ پارتیان داوه‌".


PM:11:39:24/06/2019






ئه‌م بابه‌ته 9956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو