سلێمانی.. بەدرێژای چیای گۆیژه‌ی و ئه‌زمڕ ئاگربڕ دروست دەكرێت


وێستگه‌ نیوزـ

بۆ رێگری كردن لە سوتانی چیای ئەزمڕ و گۆیژە بەدرێژای چیاكە ئاگربڕدروست دەكرێت و بنكەیەكی پۆلیسی دارستانیش لە چیاكە جێگری دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزه‌یرانی 2019، بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەو هەڵمەتەی كە بۆ پاراستنی چیای گۆیژه‌ و ئه‌زمڕ لە ئەگەری ئاگركەوتنەوە دەستیپێكرووە، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی چیای ئەزمڕ و چیای گۆیژەی شاری سلێمانی بەسەركردەوە و دەستخۆشی له‌و تیمانەكرد كە سەرقاڵی پرۆسەی ئاگربڕن بۆ چیاكە وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لە رووداوی ئاگركەوتنەوە.

قایمقامی سلێمانی وتی: لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی بڕە پارەیەك دابینكراوە بۆ دروستكردنی ئاگربڕ بۆ چیاكە و سود لە ئەزمونی ئەو كارمەندانە وەرگیراوە كە پێشتر لە چیاكە كاریان كردوە و ئێستا خانەنشینن، هەمان ئەو كەسانە كە ئەزمونێكی زۆریان هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە چیاكە لە بەرامبەر بڕە پارەیەكی رۆژانە هەمان ئەركی پێشویان گرتوەتە ئەستۆ.

هەر لە چیای ئەزمڕ قایمقامی سلێمانی سەردانی بنكەی پۆلیسی دارستانی كرد كە لە چیاكە جێگیركراوە و ئەركی پارێزگاریكردن دەبێت لە چیاكە لە هەر رووداوێك كە زیان بە ژینگەو سروشتی چیاكە بگەیەنێت، سەردانی ئەو بەشەی چیای گۆیژەشی كرد كە لە ساڵی 2016دا بەهۆی ئاگركەوتنەوە زیانێكی زۆری بەركەوەوتوەو بەهۆیەوە بەهەزاران دار لە ناوچون و بەڵام دواتر لە شوێنەی ئەو دارانەی كە سوتاون داری تر روێنراونەتەوە، ئەو دارانەش كە لەناوچون دوای بڕینەوەیان لەرێگەی زیادكردنێكی ئاشكراوە دەفرۆشرێن .

دەربارەی هەوڵەكان بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لە ئەگەری كەوتنەوەی ئاگر قایمقامی سلێمانی رایگەیاند: لەرێگەی "لیژنەی فریاكەوتنی خێرا" كە لە نوێنەری زۆربەی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی پێكهاتووە، هەموو هەولێكی پێویست ده‌درێـ بۆ رێگریكردن لە ئاگركەتنەوە و پاراستنی دارستان و پوش و پاوانی چیاكە، داواشی لە هاوڵاتیان و ئەو گەشتیارانەكرد كە رودەكەنە چیاكە بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و نەبنە هۆی كەوتنەوەی ئاگر .

وتیشی: هەر كەسێك هۆكار بێت بۆ ئاگركەوتنەوە و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی چیای ئەزمڕ و گۆیژە بەتوندی روبەڕوی سزایی یاسایی دەكرێتەوە، چونكە چیاكە بەشێكی گرنگە لە پێكهاتەی سروشتی شاری سلێمانی و بە سوتاندنی زیانێكی گەورە بە ژینگەو سروشتی ناوچەكە دەگات.  


PM:04:26:24/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت