پاسەوانی‌ سنوری‌ عێراق و ئێران لە سلێمانی‌ کۆبوونەوە

‌لیژنەی ھاوبەشی سنووری ھەردوولا

وێستگه‌ نیوز- تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ ناس

لیژنەی ھاوبەشی پاسەوانی سنووری نێوان عێراق و ئێران لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، ھەردوولا پرۆتۆکۆلێکی ھاوبەشیان لەبارەی توندوتۆڵکردنی سنووری ھاوبەشی نێوانیان واژۆ کرد.

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، شێرکۆ عەبدوڵا، فەرماندەی گشتی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سنوورەکانی عێراق و ئێران بەرفراوان و زۆرن کە دەگاتە 654 کیلۆمەتر، بۆیە پاراستنی ئەو سنوورانە زەحمەتە لەسەر شانیان، بۆ ئەو مەبەستەش زۆرجار لە کاتی رووداوێکدا پێویستیان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەردوولایان ھەیە و لەکاتی کێشەکاندا پەیوەندی بەیەکەوە دەکەن.

فەرماندەکەی پاسەوانی سنووری عێراق داوای لە ھاووڵاتیان کرد، بەشێوەی قاچاخ لە سنوورەکانەوە ھاتوچۆ نەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش نەکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی فەرمی‌ و لە رێگای مەرزەکانەوە ھاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوی کێشە و سزا دەبنەوە.

لای خۆیەوە یەحیا ئیلاھی، فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای کرمانشان وتی، ماددە ھۆشبەرەکان لە سنوورەکەی ئەوان، بە تایبەت ناوچەی پاوە دزەی پێناکرێت، ئەگەر ھەر کەسیش بازرگانی بەو ماددانەوە بکات لە یاسادا سزای زۆر توندی‌ بۆ دانراوە، ھەردوولاش رێکەوتنیان کردووە لەسەر ئەوەی ئەو کەسانە رووبەڕووی سزای توند دەکەنەوە.

بەرپرسە سەربازییەکەی‌ ئێران وتیشی، لە تەواوی جیهاندا کاری‌ کۆڵبەری‌ بە شێوەیەکی یاسایی و لەژێر چاودێری ھێزەکانی پاسەوانی دەکرێت، لەنێوان ھەردوو وڵات ئەگەر دەرگایەک بۆ کۆڵبەران کرابێتەوە ئەوە چاودێرییان کراوە، ئەگەرنا ڕێگری لە ھەر جۆرە کۆڵبەرییەک دەکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە ماددە ھۆشبەرەکان، باس لە خواردنەوە کحولییەکان، ھاتوچۆی نایاسایی، کاڵای قاچاخ و رێگری لە ھێنانی چەک و تەقەمەنی کراوە.

لیژنەی ھاوبەشی سنووری ھەردوولاو بەپێی رێککەوتنی نێوانیان کۆبوونەوەی دەوری خۆیان ھەیە، کە شەش مانگ جارێک کۆدەبنەوە.


AM:09:50:20/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 2228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو