عادل عه‌بدولمه‌هدی: رێگه‌ ناده‌ین هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عیراق بونیان هه‌بێت

‌عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌یاننامه‌یه‌كی چوار خاڵیی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ رێگه‌ ناده‌ن هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ یان وڵاتانی دیكه‌ له‌سه‌ر خاكی عیراق بونیان هه‌بێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ی حوزه‌یرانی 2019 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاندوه‌: وڵات به‌ ره‌وشێكی ئاڵۆز له‌ شه‌ڕی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییدا تێپه‌ڕیوه‌، له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپاوه‌ تا سه‌پاندنی داگیركاری به‌سه‌ر عیراقدا و بوونی هێزی بیانی و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و دروستكردنی میلیشیای چه‌كدار و به‌كارهێنانی خاكی عێراق بۆ كرده‌ی چه‌كداری له‌ دژی ئامانج و وڵات و هێزی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق. 

ده‌شڵێت: عیراق به‌ ده‌ست كرده‌ی وێرانكاریی و تیرۆریستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، به‌ تایبه‌تی تیرۆری رێكخراوه‌كانی قاعیده‌ و داعش و داگیركردنی به‌شێكی خاكه‌كه‌ی كه‌ دواتر به‌ تێكۆشانی سوپا، حه‌شدی شه‌عبی، پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی عه‌شائیری توانا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌سه‌ر تیرۆر به‌ده‌ستهات.

له‌ خاڵی یه‌كه‌می به‌یاننامه‌كه‌دا، عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ رێگه‌ ناده‌ن هیچ هێزێكی بیانی كار یان جوڵه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق به‌ بێ رێگه‌پێدان و رێككه‌وتن و كۆنترۆڵی حكومه‌تی عیراق ئه‌نجام بدات.

له‌ خاڵی دووه‌میشدا وتویه‌تی: رێگه‌ ناده‌ین هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ یان وڵاتانی دیكه‌ له‌سه‌ر خاكی عیراق بونیان هه‌بێت یان كرده‌ دژی هه‌ر لایه‌نێك بكه‌ن، جا چ وڵاتانی بیانی بێت یان وڵاتانی دراوسێ بێت.

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ره‌تیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ بدرێت هیچ هێزێكی عیراقی یان غه‌یره‌ عیراقی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كار بكات. 


PM:10:13:18/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت