باره‌گای بارزانی: وته‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی هی ئه‌وه‌نین وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ

باره‌گای مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر وته‌كانی مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، وته‌كانی هی ئه‌وه‌ نین وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌.

نووسینگەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی راگەیاندراوێكی لەبارەی لێدوانەكەی مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە وتەكانی "هێندە نزم و بێ ئاست بووە"، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە: "وتەكانی مەحموود سەنگاوی كە لە ئەوپەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە".

باره‌گای بارزانی ئه‌وه‌شی وتووه‌: "لەگەڵ ئەوەشدا بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و گوتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی رەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە".


مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان له‌ وتارێكیدا كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ پێشكه‌شی ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخستنه‌ دێرینه‌كانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌ شارەکانی کفری و کەلار و دەرباندیخان كرد، رایگه‌یاند: "له‌به‌ر یه‌كپارچه‌یی گه‌لی كورد زۆر شتمان قبوڵكردووه‌، به‌ڵام ئیتر پێیان ده‌ڵێین به‌سه‌ ئیتر و خۆمان و خه‌باتمان له‌پارتی به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانین".

مه‌حمود سه‌نگاوی، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌: "ئه‌گه‌ر پارتی باسی شۆڕشی ئه‌یلول ده‌كه‌ن، هه‌مووان تیایدا به‌شداربووین، شۆڕشی ئه‌یلول شۆڕشی هه‌موومان بووه‌ به‌ته‌نیا شۆڕشی پارتی نه‌بووه‌، كاتێك ئه‌وان ئاشبه‌تاڵیان كرد مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی‌ كه‌یهان ده‌یوت (كاری‌ من ته‌مام شود"، ئێمه‌ هاتینه‌وه‌ و ده‌یان قاره‌مانی‌ خۆمان كرده‌ قوربانی‌ بۆ ئازادی‌ ئه‌م وڵاته‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ره‌خنه‌ی توند له‌ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "ئه‌و تاوانبار و خۆفرۆشانه‌ی‌ ئه‌و كاته‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیان ده‌گرت و راده‌ستی‌ به‌عسییه‌كانیان ده‌كردن، ئه‌و خائینانه‌ی به‌دوای‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا ده‌گه‌ڕان و رێكخستنه‌كانی‌ ئێمه‌یان ده‌دا به‌ ده‌سته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سێداره‌یان بده‌ن، ئێستالای كاك مه‌سعود بارزانی جه‌نه‌ڕاڵن و ئه‌ویش شه‌رم ناكات و خۆی له‌ یه‌كێتی نیشتمانی‌ به‌گه‌وره‌تر ده‌زانێت".

سه‌نگاوی وتیشی:"به‌ڵام زۆر بچوكه‌، ئه‌گه‌ر پیاوێكی بچوك نه‌بوایه‌ دوای كۆچی دوایی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌یانێكی‌ ده‌رده‌كرد و ده‌یوت ئیتر من پارتی‌ نیم و سه‌رۆكی‌ كوردم و هه‌ر چی‌ كێشه‌یه‌كتان هه‌بوو بێنه‌ لای‌ من، ئیتر پارتی‌ نیم".

راشیگه‌یاند كه‌ "كاك مه‌سعود پیاوێكی‌ بچكۆله‌یه‌ و نه‌یتوانی‌ ئه‌وه‌ بكات، نه‌یتوانی‌ ببێته‌ پیاوێكی‌ گه‌وره‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد بكات".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی‌ له‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێم كرد و وتی‌: "ئومێد ده‌كه‌م نه‌یگه‌یه‌ننه‌ دوو ئیداره‌یی، ئێمه‌ دژی‌ دوو ئیداره‌یین، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت سیاسه‌ته‌كه‌یان به‌وشێوه‌یه‌بێت، هیچ مانعێكمان نییه‌ ئیداره‌ی‌ خۆمان داده‌نێین و نه‌وته‌كه‌ی‌ خۆمان كه‌ ئه‌و ده‌یبات ده‌یفرۆشێت، خۆمان به‌كاری‌ دێنین".

هــ. ر


PM:09:20:18/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 17868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو