گروپی ئیخوان موسلمین راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌رباره‌ی كۆچی دوایی محه‌مه‌د مو‌رسی راگه‌یاند
وێستگه نیوز –
گروپی ئیخوان موسلمین هێرشی كرده‌سه‌ر عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر و به‌رپرسیارێتی گیانله‌ده‌ستدانی محه‌مه‌د مو‌رسی سه‌رۆكی پێشووی خسته ئه‌ستۆی.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه ئه‌مشه‌و بڵاویكرده‌وه، گروپی ئیخوان موسلمین رایگه‌یاند كه "محه‌مه‌د مو‌رسی سه‌رۆكی شه‌رعی هه‌ڵبژێردراوی كۆماری میسری عه‌ره‌بی دوای شه‌ش ساڵ له فڕاندن و دادگاییكردنی به تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو، كۆچی دوایی كرد".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه "ده‌سه‌ڵاتدارانی میسر رێگرییان له پێدانی ده‌رمان به محه‌مه‌د مو‌رسی ده‌كرد و مافی چاره‌سه‌ركردنیان لێ زه‌وتكرد و رێگه‌یان به كه‌سوكار و پارێزه‌ره‌كانی نه‌ده‌دا سه‌ردانی بكه‌ن... سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ئابی 2015 و ئایاری 2017دا ده‌سته‌ی دادگای ئاگاداركردبووه‌وه كه پیلانێك له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه".
گروپی ئیخوان موسلمین، عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر به به‌رپرسیاری ته‌واوه‌تی كۆچی دوایی محه‌مه‌د مو‌رسی ده‌زانێت.
داواشیكرد "ده‌سته‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتێكی پزیشكی ده‌رباره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی موڕسی ئاماده‌بكات و لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنرێت بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانه‌كه‌ی".
هاوكات داوای له میسرییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه‌كانی میسر گردببنه‌وه و داوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه عه‌باس قباری وته‌بێژی نووسینگه‌ی گروپی ئیخوان موسلمین داوایكرد میسرییه‌كان سه‌عات 10ی ئه‌مشه‌و به كاتی میسر و 11 به كاتی ئه‌سته‌نبوڵ له‌به‌رده‌م هه‌موو باڵیۆزخانه‌كانی میسر له جیهان كۆببنه‌وه و داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی محه‌مه‌د مو‌رسی بكه‌ن.
رۆژی دووشه‌ممه 17ی حوزه‌یرانی 2019 محه‌مه‌د مو‌رسی ئه‌لعه‌یات سه‌رۆكی له‌سه‌ركارلابراوی میسر له كاتی دانیشتنێكی دادگاییكردنی له‌سه‌ر دۆسێی "په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتی قه‌ته‌ر" كۆچی دوایی كرد.
میدیاكانی میسر بڵاویانكرده‌وه كه له كاتی دادگاییه‌كه‌دا مو‌رسی داوایكردووه رێی پێبدرێت وته‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات و دوای كۆتاییهاتنی دانیشتنه‌كه له‌هۆش خۆی چووه و كۆچی دوایی كردووه.
میدیاكانی میسر ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه ته‌رمه‌كه‌ی گوازراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و رێوشوێنی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر.
له‌دوای شۆرشی ساڵی 2011 محه‌مه‌د مو‌رسی به هه‌ڵبژاردن بوو به سه‌رۆكی میسر. له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2013 له‌کودتایه‌کی سه‌ربازیدا به‌ڕابه‌رایه‌تی جه‌نه‌رڵ عبدولفه‌تاح ئه‌لسیسی، که ئێستا سه‌رۆکی میسره، مو‌رسی ده‌ستگیرکرا و خرایه زیندانه‌وه و كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی گروپی ئیخوان موسلمین هێنرا.
حكومه‌تی میسر گروپی ئیخوان موسلمینی وه‌ك رێكخراوی تیرۆریستی پۆلێنكردووه و چالاكییه‌كانی قه‌ده‌غه‌كردووه و ده‌ستی گرت به‌سه‌ر پاره‌وپولی رێكخراوه‌كه و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامیدا و به‌رپرسیارێتی ژماره‌یه‌ك هێرشی چه‌كداری خسته ئه‌ستۆی رێكخراوه‌كه كه له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا له‌و وڵاته روویانداوه و به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك پۆلیس و سه‌رباز و هاوڵاتی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ست داوه.
دواتر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی ئه‌و وڵاته‌وه محه‌مه‌د مو‌رسی چه‌ندین تۆمه‌تی ئاڕاسته كرا له‌وانه "ئه‌نجامدانی تاوانی ده‌ستخستنی نهێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری، له‌ناوبردنی به‌ڵگه‌نامه و نووسراوه‌كانی لایه‌نه سیادییه‌كانی وڵات كه په‌یوه‌ندییان به ئاسایشی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه و شاردنه‌وه‌یان و ئاشكراكردنیان بۆ وڵاتێكی ده‌ره‌وه و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵی به ئامانجی زیانگه‌یاندن به بارودۆخی سه‌ربازی، سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری وڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی"، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌رگریشه‌وه ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كرانه‌وه.
سه‌رچاوه: RT
PM:11:10:17/06/2019
ئه‌م بابه‌ته 4808
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت