ژاپۆن یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رز به‌ عیراق ده‌دات


وێستگه‌ نیوز -
به‌ مه‌به‌ستی پێشخستنی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی به‌سره‌، حكومه‌تی عیراق به‌ به‌های یه‌ك ملیار دۆلار رێككه‌وتنی قه‌رزی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ژاپۆن بۆ هاریكاری نێوده‌وڵه‌تی (JICA) واژووكرد.

له‌ رێوڕه‌سمی واژووكردنه‌كه‌ كه‌ له‌ بینای وه‌زاره‌تی دارایی عیراق به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ریه‌ك له‌ فوئاد حسێن وه‌زیری دارایی و ناۆفومی هاشیمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن له‌ به‌غدا به‌شداربوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عیراقه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ بڕی ئه‌و قه‌رزه‌ی ده‌سته‌به‌ركراوه‌ یه‌ك ملیار دۆلاره‌ و ماوه‌ی 40 ساڵ دیاریكراوه‌ بۆ دانه‌وه‌ی.

باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ ئامانج له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانی عیراقه‌ ئه‌ویش به‌ پێشخستنی پاڵاوگه‌ی به‌سره‌ به‌مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له‌ زیادكردنی جۆرێتی به‌روبوومه‌ نه‌وتییه‌كان، له‌گه‌ڵ زیادكردنی توانای به‌رهه‌م له‌ رێگه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییانه‌وه‌.

ژاپۆن له‌ ساڵانی رابردوودا قه‌رزی داوه‌ته‌ حكومه‌تی عیراق بۆ پێشخستنی به‌نده‌ره‌كانی باشووری وڵات و كه‌رته‌كانی وزه‌ وه‌ك كاره‌با و نه‌وت.


PM:10:07:17/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 2660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت