هه‌ولێر.. هاوڵاتییه‌ك 130 هه‌زار دۆلاری دۆزییه‌وه‌ و دایه‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی

‌ئەحمەد غازی

وێستگه‌ نیوزـ

هاوڵاتییەکی شاری هه‌ولێر دوای دۆزینه‌وه‌ی 130 هه‌زار دۆلار له‌ شاری یاریی ماجدی لاند، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ و خۆشحاڵیشه‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌.

هاوڵاتییه‌كه‌ بەناوی ئەحمەد غازی به‌ ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاندوه‌: شه‌وی رابردوو بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی شاری یاری ماجیدی لاندی کردوە، له‌وێ لەسەر یەکێک لە کورسییەکانی دانیشتن جانتایەکی دۆزیوەتەوە و لەو کاتەدا کەس خۆی نەکردووە بە خاوەنی.

ئه‌حمه‌د ئاماژەی بەوداوه‌ کاتێک جانتاکەی هه‌ڵگرتووه‌ و سەیری ناوەوەی كردوه‌، لە دوو کیسی نایلۆندا بڕێکی زۆر پارەی بیانی و ناسنامەیەکی باری شارستانی و مۆبایلێکی بینیوه‌، بەڵام هیچ دەستکاریی کەلوپەلەکانی نەکردوەو له‌ڕێگەی وێنەی سەر ناسنامەکەوە ماوەیەک بۆ خاوەنەکەی گەڕاوە، بەڵام بێسوود بووە.

به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌، دواتر هاوڵاتییەکی دیكه‌ ئاگاداری کردوەتەوە کە کەسێک لە ئیدارەی شاری یاری هەواڵی جانتایەکی پرسیوە و ئەویش دەستبەجێ چووەتە ئیدارەی شوێنەکە.

 ئەحمەد غازی ڕاشیگەیاند، کاتێک چووەتە ئیدارەی شاری یارییەکە ئافرەتێکی بینیوە کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بووە و بەپەلە بەرەو ڕووی هاتووە و کاتێک جانتاکەی بە دەستییەوە بینیوە راستەوخۆ لە هۆش خۆی چووە، وتیشی: ئەو خێزانە بۆ گەشت و سەیران هاتوونەتە هەولێر و زۆر سوپاسی دەستپاکیی ئەحمەدیان کردووە.

ئەحمەد غازی دانیشتوی قەزای خەباتی سەربە پارێزگای هەولێرە و لە بەنزینخانە كاردەکات، سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ش وتویه‌تی كه‌ زۆر خۆشحاڵە به‌وه‌ی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خاوەنەکەی گەڕاندوەتەوە.


PM:07:34:17/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 6036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو