مه‌سرور بارزانی: وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ده‌درێت حزبی سۆسیالیست

‌مەسرور بارزانی و محەمەدی حاجی مەحمود

وێستگه‌ نیوز ـ
مه‌سرور بارزانی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ كابینه‌ی نوێ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ركه‌وته‌ی حزبی سۆسیالیستی كوردستانه‌.


مه‌سرور بارزانی، له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆسیالستی كوردستان رایگه‌یاند: حزبی سۆسیالیست پۆستی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدانیان پێده‌درێت و هیوادارن سه‌ركه‌وتووبن.

له‌ باره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ وتی: "پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێشتر ئاماده‌ییان ده‌ربڕی بوو بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ پۆسته‌كانیان بۆ دیاریكراوه‌".

وتیشی: "ھیوادارین پێش ئەوەی پشووی پەرلەمان دەست پێبكات، كابینەی نوێی حكومەت پێك بھێنین، ئەگەر كێشە و گرفتیش ھاتە پێش، لەگەڵ پەرلەمان قسە دەكەین، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجامبدەن، یان پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، تا بتوانین كابینەكە بە تەواوی پێكبێنین، بەڵام ھیوادارین كە پێش 30 حوزەیران بتوانین كابینە پێكبێنین".

مه‌سرور بارزانی ئه‌وه‌شی وت: "لە یەكێتیمان نەبیستووە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك ببەستنەوە بە پێكھێنانی حكومەت، ئەركی ئێمە پێكھێنانی حكوومەتە و بابەتی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەموو لایەنەكان گرنگە، ئەم بابەتە تایبەت نییە بە حزبێك، ھیوادارین بتوانین چارەسەر بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە".

لای خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری گشتی سۆسیالستی كوردستان رایگه‌یاند: گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ كراوه‌ و له‌ نزیكترین كاتیشدا سیڤی كاندیدی خۆیان ده‌ده‌نه‌ ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو.


به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، كاندیدی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود-ه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ مه‌سرور بارزانی، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌ و دواتر سه‌ردانی حزبی سۆسیالیستی كرد.

بڕیاره‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌ردانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌.

هــ. ر



PM:02:01:17/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو