مه‌سرور بارزانی: یه‌كێتی پابه‌ند دەبێت بە رێككه‌وتنی نێوانمان

‌مەسرور بارزانی و عیماد ئەحمەد

وێستگه‌ نیوز ـ
كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات و راسپێردراوی پێكهێنانی حكومه‌تیش رایگه‌یاند، یه‌كێتی پابه‌ندی رێككه‌وتنی نێوانیانه‌.


مه‌سرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌یشته‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، كه‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدرا، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێشكه‌شكردنی سی ڤی كاندیدانه‌ بۆ ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا به‌ریانده‌كه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێ بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان.

مه‌سرور بارزانی وتیشی: "ئه‌ركی ئێمه‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌ و براده‌رانی یه‌كێتیش پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ن كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ پارتی واژۆیان كردووه‌".

لای خۆیه‌وه‌ عیماد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی شاندی یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا رایگه‌یاند، هیوادارن له‌گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌، حكومه‌تێكی به‌هێز پێكبهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش بكات.

روونیشی كرده‌وه‌، وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتنیان هه‌یه‌ و پابه‌ند ده‌بن پێوه‌ی و پێشتریش یه‌كێتی هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ بووه‌ و ئه‌وه‌ یه‌كه‌م كابینه‌ نییه‌ حزبه‌كه‌یان به‌شداری تێدا ده‌كات.

هــ. ر


PM:01:01:17/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 4056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو