مه‌حمود محه‌مه‌د: کاندیدی پارێزگاری کەرکوک دەبێ هی پارتی و یەکێتی بێت

‌مەحمود محەمەد

وێستگه‌ نیوز ـ
مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، هەوڵی حزبه‌كه‌ی ئەوەیە پێش كۆتایی هاتنی ئه‌م مانگه‌ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبێت و لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت، سەبارەت پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش، دەڵێت: "کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەبێت کاندیدی هەردولامان بێت واتە پارتی و یه‌كێتی، ئەمە وای لێ نەیەت کە یەکێتی بڵێت ئەم کاندیدە دەبێت هی من بێت و من داینێم".


مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئێمە پێشتر رێککەوتنمان کردووە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنانە کاندیدی راسپێراو بۆ سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانی، سەردانی ئەو لایەنانە دەکات بۆ ئەوەی ناوی ئەو وەزیرانەی کە ئەوان پێیان باشە لەکابینەی نوێ ببنە وەزیر و بەشداری دەکەن بیاندرێتێ وە سیڤیەکانیش وەک دەزانرێت بۆ ئەوەیە کە دەبێت پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، وە هەروەها بۆ پێداچونەوەیە لەسەر جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە وە لەکابینەکانی پێشوش ئەم سەردانانە کراوە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کاندیدی راسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەو لایەنانە مافی ئەوەی هەیە کە تێبینی لەسەر کاندیدی پۆستەکانی لایەنەکانی تر هەبێت؟

مەحمود محەمەد وتی: "هەرکەسێک کەسەرۆکایەتی کابینەیەک وەردەگرێت دەیەوێت سەرکەوتوو بێت لەجێ بەجێ کردنی بەرنامەکەی وەک کارنامەی حکومەت کەلەگەڵ لایەنەکان رێکدەکەون دەیەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بۆ ئەو مەبەستە پێویست بەو کەسانە هەیە کەشارەزایی و توانای کارەکانیان هەبێت دەکرێت هەر بۆ نمونە کەسێک بۆ کارێکی ئەندازیاری دانرابێت بەڵام هیچ شارەزایی لە ئەندازیاری نەبێت، بۆیە رەنگە ئەو گفتوگۆیە بکرێت بەڵام ئەو حزبانە خۆیان بەرپرسیارن لە دیاری کردنی کاندیدەکانیان".

راشیگه‌یاند: "بەڵام دەبێت ئەو مافەش بەسەرۆکی کابینەی داهاتوو بدرێت کەدەیەوێت کابینەکەی کار بکات و ئەو بەرنامەیەی کە هەیەتی جێ بەجێی بکات و خزمەتی خەڵکی پێبکات، بۆیە رەنگە سەرۆکی راسپێردراو تێبینی هەبێت لەسەر ئەو کاندیدەی دیاریکراو تا گونجاندن و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ ئەو کارەی بۆی دیاریکراوە".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا تێبینی کاندیدی راسپێردراو لەسەر کاندیدی لایەنەکان (ئیستشاریە یا ئیلزامی)؟

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوەڵامدا دەڵێت: "من وای بۆ دەچم بەشێک لەوانە، لەوانەیە هەندێک یاسا و رێنمایی هەبن لەسەر ئەوەی کە کێ دەبێتە وەزیر ئەوی تریش رێک وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئەوەی کەدەبێت ئەو کابینەیە سەرکەوتوو بێت و بەهەموومان پێکەوە دەبێت تێکڕا ئەم ئیش و کارە بکەین لەم قۆناغە سەختەدا بۆیە پێویستمان بە مرۆڤی واهەیە کە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا بن".

مەحمود محەمەد ئەوەشی وت: "خودی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سی رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی بەڵام ئیشکالێکی قانونی ئێستا هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە 1/7وە پەرلەمان دەچێتە پشووی هاوینەیەوە یا دەبێت لەدوای ئەو بەروارەوە پەرلەمان تەمەنی وەرزی یاسادانانی درێژ بکاتەوە، یا دەبێت کۆبونەوەی نا ئاسایی ئەنجام بدات کە ئەمە هەردوکی باش نیە بکرێت هیچ شتێک نەماوە بکرێت ئێمە رێککەوتنەکانمان لەسەر پۆستی وەزارەتەکان کردووە و ماوەیەکی درێژییان لەبەردەم بووە و ئێستا تا کۆتایی ئەم مانگە واتە لەماوە ئەم 12 رۆژەدا ناوی کاندیدەکانیان یەکلایی بکەنەوە تا پێش دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان حکومەت پێکبهێنرێت چونکە ئەم قۆناغە وادەخوازێت کە بەزوترین کات حکومەت پێکبهێنرێت چونکە زۆریش دواکەوتوین".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئەگەر لایەنەکان کاندیدەکانیان ئامادەنەبوو پارتی وەک لایەنی پێکهێنەری حکومەت، حکومەت پێکدە‌نێت و هاوشێوەی عیراق پۆستی وەزارەتەکان بە بەتاڵی بەجێ بهێڵێت یا چاوەڕوان دەکات؟

مەحمود محەمەد لەوەڵامدا وتی: "ئەوەش رێگایەکە، سێ لایەنی سەرەکی کەبەشداری حکومەتن، پارتی کێشەی یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانی نیە، گۆڕان-یش دوێنێ کۆبونەوەیان هەبوە لەسەر یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانیان و یەکێتیش بەم نزیکانە کۆبونەوەی چڕ و پڕییان هەبووە، وە دوای سەردانەکانیش کە دەکرێت رەنگە چەند رۆژێکی تر بەدەستەوە بمێنێ بۆیە لەوانەیە ئەگەر لایەنێک وەزیرێک یا دوانی پێ ساغ نەبوبێتەو یا هێشتا بڕیاری نەدابێت باشترین رێگا ئەوەیە کە کابینە پێکبێت وە دواتریش کە پۆستە بەتاڵەکان مایەوە پڕبکرێتەوە من وای بۆ دەچم نەگاتە ئەو ئاستەش".

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکرد: "هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە لەم چەند رۆژەی ئەم مانگەی ماوە پێش دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان تا قسە و قسەڵۆکی لێ پەیدا نەبێت، چونکە ئەمە کارێکی سەرەکیە دەبێت لە وەرزی یاساداناندا دەنگ بەکابینەی نوێی حکومەت بدرێت".

دەربارەی یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانی خۆی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە؟ مەحمود محەمەد رایگەیاند: "لای ئێمەوە هیچ کێشەیەک نیە هەرکات دەسکرا بەوەی کە ناوی کاندیدەکانمان رادەستی کاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت بکەین ئەوا ناوی کاندیدەکانمان ئامادەیە".

وتیشی: "دیارکردنی کاندیدەکانمان لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی لەپێش هەر شتێکەوە، ئێمە کەسی بەتوانامان زۆرە بەڵام کاتێک کەسێک دیاری دەکەین مانای ئەوەنیە که‌سی ترمان نیە بەڵکو کەسی بەتوانامان زۆرە بەڵام بۆ پۆستی هەر وەزارەتێک پێویستمان بەیەک کاندیدە، رەنگە لەسەر بنەمای جوگرافیاش وەک ئەوەی حزبێکی سەرتاسەری کوردستانین ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە کاندید لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکانی کوردستان دیاری بکەین".

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیکردەوە پارتی مەرجی ئەوەی هەبوبێت کە وەزیرەکانی پێشوو کاندید بکرێنەوە؟ لەو روەوە دەڵێت، "ئێمە هیچ کات مەرجی ئەوەمان نەبوە کەنابێت کە وەزیرەکانی ئەم کابینەیە کاندید بکرێنەوە ئەگەر کەسێکیش وای وتبێت ئەوە بۆچونی خۆی بووە، قسەی ئێمە ئەوەیە کەدەبێت کەسی شارەزا و بەتوانا کاندید بکرێت، شارەزابونیش بە ئەزمونکردنی ئیشەکان دەبێت، واتە کاتێک باسی تەکنۆکرات دەکەین ئەوەیە کە لە ئەنجامی چەند ساڵ کارکردن و ئەنجامی ئەوەی کە چەندین ساڵ یاسا و رێنماییەکانی جێبەجێ کردووە کە لەمەدوا دەتوانێت بە "موسەیتری" کارەکانی خۆی بکات بۆیە خەڵکی تەکنۆکرات رەنگە زیاتر لەپێشەوە بن وەک لەکەسێکی تازە کە دەهێنی بۆ وەزارەتێک کە شەش مانگ بۆ ساڵێکی دەوێت تا یاسا و رێنماییەکان فێر دەبێت بۆیە مەسەلە گۆڕینی دەموچاو نیە "چونکە خۆ ئێمە ڕقمان لەدەموچاو نیە" بەڵکو گۆڕینەکە لەسەر بنەمای لێهاتووی و شارەزایی و دڵسۆزی و چۆنیەتی جێ بەجێ کردنی کارەکانە".

دەربارەی رەچاوکردنی رێژەی خانمان لەکاندیدەکانی خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستان؟

مەحمود محەمەد رایگه‌یاند: "من ئەوەنده‌ی ئاگادارم لەو سیڤیانەی کۆکرایەوە لەناو پارتی کە داواکرا بۆ ئەوانەی توانایان هەیە و مەرجەکانیان تێدایە بەشێکی زۆریان لە خانمانن لە ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستان تا بەشێکی زۆرییش لەدەرەوەی رێکخستنەکانی پارتی سیڤییان هێناوە بۆ ئەوەی وەک پیاوان هەڵسەنگاندییان بۆ بکرێت، بەڵام بەدڵنیایی بابەتی توانا و لێهاتووی لەبەر چاو دەگیرێت لەناو ئێمەدا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان خانمی زۆر بەتوانا هەن کەدەتوانن پۆستە وەزارییەکان و ئیدارییەکان بەشیوەیەکی لێهاتووی لە ئەستۆ بگرن".

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت: "بەشێک لەخەڵکی دەرەوەی رێکخستنەکانی پارتی سیڤی-ییان بۆ پۆستە وەزارییەکان پێشکەش کردووە وە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوامان وایە لەدەرەوەی پارتی و حزبەکان خەڵکی دڵسۆز و پێشکەوتنخواز هەیە کەدەتوانێت خزمەت بکات بەڵام وەک لایەنی حیزبایەتی( تەحەزوبی نەبێت بۆیە بڕوامان وایە دەتوانین سود لەوانە ببینرێت".

دەربارەی مەرج و داواکاری یەكێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئەوەی بەشداری لەحکومەتدا بکەن؟

مەحمود محەمەد وتی: "ئێمە سێ رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، پاشکۆی رێککەوتنێکیش لەبارەی کەرکوکەوە دەقەکەیمان بڵاوکردەوە، هەریەکە لە بەڕێزان کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان و کاک کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان واژۆیان لەسەر کردووە کە بابەتی یەکلایکردنەوە و رێککەوتن لەسەر پارێزگارێک دراوەتە دەست سەرۆک بارزانی و کاک کۆسرەت رەسوڵ، رێککەوتنەکەش واکراوە لەگەڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەم پڕۆسەیەش دەست پێدەکات کەواتە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسی پارتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دراوەتە ئەم دوو کەسە (بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ) کە ئەوان رێککەوتنی لەسەر بکەن".

راشیگه‌یاند: "ئێمە پەشیمان نین لەو رێککەوتنەی کردومانە ئومێد دەکەین برادەرانی یەکێتیش بەهەمان شێوە، لەسەرەتای گفتوگۆکان کە ئێمە کردومانە یەکێتی پێیان وتین پاکێجی بەغدا، کەرکوک، کوردستان هەرسێکی یەکێکە، بەڵام ئێمە پێمان وتن هەرسێکیان لەیەکتر جیاوازن ئەم جیاوازیەش واتای هەریەکە چارەسەری خۆی هەیە بۆیە با وەک خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بکەین نەک تێکەڵاوییان بکەین و بیانکەینە بەدیل و قوربانی یەکتریش بۆیە ئەوانیش رێکەوتنیان لەگەڵ ئێمە کرد هەم لەسەر ئەوەی بەغدا کە تەقریبی بەبابەتی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم چارەسەرێکی بۆ دانراوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کەرکوک کە پەیوەندی هەیە و پێشنیازیش هەیە".

ئه‌وه‌شی وت: "پێشتر لەسەر کەسێک رێککەوتن کرابوو بەڵام دیارە برادەرانی مەکتەبی سیاسی یەكێتی پێی رازی نەبوون ئێستاش ئەو بابەتە هەر لە ئارادایە وە ئەوان دەسەڵاتیان پێی دراوە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن باشتریشە هەر لەنێوان ئەم دوو کەسە (بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ) چارەسەر بکرێت نەک بۆچونی ئەو هەموو مەکتەب سیاسیەی پارتی و یەکێتی بێنە ئاراوە".

له‌ باره‌ی ئایا پارتی رەزامەندی دەنوێنێت لەگەڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی حكومه‌ت ناوی کاندیدەکەی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک پەسەند بکات؟

مەحمود محەمەد وتی: "باشتەکە وا لێبکەین کاندیدەکە (کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک) دەبێت کاندیدی هەردولامان بێت، واتە ئەمە وای لێ نەیەت کە یەکێتی بڵێت ئەم کاندیدە دەبێت هی من بێت و من داینێم، ئەگەر کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هی یەکێتی بوایە و بۆی دابنرایە من دڵنیام (ئەو قسەیە رەنگە برادەرانی یەکێتی پێیان ناخۆش بێت) بەس دڵنیاین ئەوەندە لەسەر ئێـمە رانەدەوستان بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بکەن بە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام ئێستا کەدەڵێن دەبێت لەگەڵ پارتی پێکەوە داینێین بەوە چارەسەر دەبێت کێشەکە تازە دەبێت بە رێککەوتنی هەردولا پێکەوە بێت و ئێمە رەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی وە ئەو رێککەوتننامانەی کە هەمانە لەگەڵییان بە دڵنیایی دەیکەین، بەڵام با بەو زمانە قسە بکەین کە کاندیدی پارێزگاری کەرکوک کاندیدی "تەوافوقی" ئێمە و یەكێتی و تا لایەنەکانی تریش و پێکهاتەکانیش بێت تا بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕیت کاریگەری هەبێت و پشتگیری بکرێت، جگە لەوەی لەم بابەتەدا ئێمە بەتەنها نین بەڵکو پەیوەندی بە بەغدادیشەوە هەیە چونکە دەبێت فرمانی بون بە پارێزگاریشی لەبەغداوە بۆ دەربچێت ئەمەش کێشەیەکە کەدەبێت زەمینەسازی بۆ بکەین تا بتوانین ئەوەش بکەین".

واتە مەبەستت لەوەچیە کەدەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بێت؟

مەحمود محەمەد لە وەڵامدا وتی: "بۆ نمونە کاک فەرەیدون عەبدولقادر کاندیدی هەردولامان بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو بەڵام کاتێک بە کاک مەسعودییان وت وتی" مرۆڤێکی نیشتمانی و تێکۆشەرە و دەتوانێت لەگەڵ بەغدا و پێکهاتەکان هەڵبکات، هەم شارەزایە لەوێ لەدایک بوە و لەوێ گەورە بووە، بەرپرسی هەرە زۆری ئەو ئەندام مەکتەب سیاسیانەی ئێستای ناو یەكێتی نیشتمانی کوردستانیش بووە، بەڵام یەکێتی پەشیمان بوەوە لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتنمان لەسەر کرد، بۆیە مەبەستمان لە ڕێککەوتن ئەوەیە نەک "تموحی" کادیرێک لە شوێنێکەوە کە پێی خۆش بێت ببێتە پارێزگار کە هەموو ئەو خاڵانەی تێدا نەبێت کە پێویستە لە پارێزگارێکدا هەبێت".

هــ. ر


AM:10:02:17/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 5300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو