په‌رله‌مانتارێكی سائیرون: بونی سوپای بیانی لە عیراقدا داگیركردنی وڵاته‌


وێستگه‌ نیوزـ

وڵاتانی دراوسێی عیراق سه‌ره‌ڕای دەستوەردانە سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عیراق، بەردەوام لەشکرکێشیش دەکەن، تورکیا بە بیانوی په‌كه‌كه‌ و ئێرانیش بە بیانوی هێزە ئۆپزسیۆنە کوردییەکان لەشکرکێشی و هێرشی ئاسمانی و بۆردومانی ئەو ناوچانە دەکەن کە ئەو هێزانەی تیادان.

لەم ماویەی ڕابردوودا تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆسەر هەرێمی کوردستان زیادکردوە، موقتەدا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌دریش له‌ عیراق داوای لە سه‌رۆك وه‌یزران کردووە تا تەواوی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ تورکیادا مۆرکراون هەڵبوەشێنێتەوە و هەروەهاش داوا دەکات حکومەتی عیراق سنوری ئاسمانی و زەمینی خۆی بپارێزێت.

ڕائید فەهمی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لیستی سائیرون له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: بونی سوپای بیانی لە عیراقدا داگیركردنی وڵاته‌، پێویستە حکومەتی عیراقیش گوێبیستی ئەو داوایەی موقتەدا سەدر بێت و دەشڵت پێویستە تورکیاش هەنگاوێکی ئەرێنی بنێت.

دەشڵێت "پێویستە حکومەتی تورکیا لەناو وڵاتەکەی خۆیدا بگاتە چارەسەرکردنێکی پەسەندکراو لەگەڵ لایەنی ئۆپزسیۆندا واتە پارتی کرێکارانی کوردستان، هەروەهاش نابێت پەکەکە خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا."

سەبارەت بە بنکە سه‌ربازییه‌كانی تورکیا لە عیراق، رائید فەهمی رایگه‌یاندوه‌: ڕاستە دەیان بنکەی سەربازی تورکیا لە عیراقدا هەن و بوونی ئەو بنکانەش بە رەزامەندی هیچ لایەنێک نییە و پێویستە لە ڕێی دیپلۆماسییەوە ئەو پێشێلکاریانە چارەسەر بکرێن.

ئەم ئەندام پەرلەمانەی عیراق ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەر ئەم ڕەوشە درێژەی هەبێت ئەوا دەبێت به‌غدا پێداچونەوەیەکی ورد بە بکات تەواوی ئەو ڕێککەوتنە ئه‌منیه‌یكانی لەگەڵ تورکیا تا بە شێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە سەروەری هەردوو وڵاتی تیادا پارێزراوبن ، نەک بەو شێوەیەی ئێستا هەن کە لەپێناو ئاسایشی تورکیادا، سەروەری عێراق پێشێل دەکرێت.

لە ڕاگەیاندنەکەیدا بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا، موقتەدا ئەلسەدر هیچ ئاماژەیەکی بە دەستێوەردان و بۆردومانەکانی ئێران نەکردوە، له‌وباره‌وه‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی لیستی سه‌در رایگه‌یاند: هەر جۆرە دەستێوەردانێک هاوشێوەی ئەوانەی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، جا لەلایەن هەرچ وڵاتێکەوە بێت، جێی قبوڵکردن نییە، دانیشی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئێرانیش هێرشی کردوه‌تە سەر ئۆپزسیۆنەکانی کورد لەناو هەرێمی کوردستا و وه‌ك ناوبراو وتویه‌تی: ئەمەش جێی قبوڵکردن نییە.


PM:10:56:15/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت