ئه‌مریكا رێگه‌ به‌ عیراق ده‌دات كاره‌باو غاز له‌ ئێران وه‌رگرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سێهەمجار بڕیاریدا عیراق ببوێرێت بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە لە سزا سەپێنراوەکانی واشنتۆن لە دژی ئێران، کە رێگە دەدات بە بەغدا وزەی کارەبا و گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بکات.


ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عیراقەوە بڵاویکردەوە، ماوەی 90 رۆژی دیکە مۆڵەت بۆ عیراق درێژکراوەتەوە، بۆ هاوردەکردنی وزەی کارەبا و غازی سروشتی لە ئێرانەوە.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، ئەو مۆڵەتە نوێیە دوای گفتوگۆیەکی درێژخایەنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عیراق بووە، کە تا دواڕۆژکانی کۆتایی مۆڵەتەکەی دووەم بەردەوام بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری دیکە لە کەنداودا، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تەشەنەی زیاتری کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم دواییانە و دوای کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە نێوان گروپی پێنج کۆیەک لەگەڵ ئێراندا ئیمزاکراوە، جارێکی تر گەمارۆکانی خۆی سەپاندنەوە بەسەر ئێراندا و رایگەیاند، بڕی هەناردەی نەوتی ئێران سفر دەکاتەوە.

عیراق ساڵانە بڕی 28 ملیۆن مەتر سێجا گازی  سروستی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەی هاوردە دەکات بۆ کارپێکردنی کارەگە و وێستگەکانی کارەبا و، بەشێوەیەکی راستەوخۆش بڕی هەزار و 300 میگاوات وزەی کارەبا هاوردە دەکات.

هــ. ر


PM:12:34:15/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو