سه‌در لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا هاتەدەنگ

‌موقته‌دا سه‌در

وێستگه‌ نیوزـ

رابه‌ری ره‌وتی سه‌در ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی توركیای له‌ناو خاكی عیراقدا كرد، له‌ هه‌مانكاتیشدا داوای له‌ حكومه‌تی به‌غدا كرد سنوره‌كانی خۆی بپارێزێت و رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.

له‌ جریوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر كردویه‌تی، موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ڵێت: "به‌توندی ئیداره‌ی ئه‌و كاره‌ تیرۆرستیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر توركیا ده‌كرێت".

هاوكات ئیدانه‌ی ئه‌و بۆردومانانه‌شی كردوه‌ كه‌ توركیا به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عیراق ده‌یكاته‌سه‌ر خاكی عیراق و به‌پێویستی زانی به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌ دۆسیه‌ی ئۆپۆزسیۆن و كێشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی راستودروست و به‌پێی گفتوگۆ كۆتایی پێ بهێنێت.

سه‌در هۆشداریشی داوه‌ له‌وه‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزه‌ و پێیست ناكات به‌ بۆردومانكردنی سنوره‌كانی عیراق له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ئاڵۆزتر بكرێت.

رابه‌ری ره‌وتی سه‌در داواشی له‌ حكومه‌تی به‌غدا كردوه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ واژوی كردوه‌و بونه‌ته‌هۆی پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عیراق.

ده‌شڵێت: پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق كردوه‌ خۆی سنوره‌كانی وڵات بپارێزێت و رێگه‌نه‌دات خاكی عیراق بكرێته‌ شوێنێك بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ.

به‌بیانوی بونی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌درێژایی سنوری هه‌رێمی كوردستان و توركیا، حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وام ناوچه‌ سنوری و گوندنیشینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردومان ده‌كات و هیچ جارێكیش حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بۆردومانانه‌ نایه‌نه‌ ده‌نگ، ئه‌مه‌ش وه‌ك سه‌در ئاماژه‌ی پێداوه‌، بۆردومانه‌كان به‌ ئاگاداریی حكومه‌تی به‌غدایه‌.


AM:08:50:14/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 7824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو