شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد

‌ویلیام رۆباک، راوێژکاری ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی

وێستگه‌ نیوز ـ
شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و هەنگاوی دووەمی لەناوبردنی داعش و ئاوەدانکردنەوە و چۆنێتی پێشکەشکردنی خزمەگوزارییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی‌ رۆژئاوا تاوتوێ کرد.


شاندەکەی لەلایەن ویلیام رۆباک، راوێژکاری ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرۆکایەتی‌ کراوە، لەگەڵ بەرپرسانی‌ خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبوەتەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، ویلیام رۆباک، قسەی‌ بۆ میدیاکان کرد و وتی: "سەردانەکەیان بۆ هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری ناوچەکەیە، لە چوارچێوەی هەنگاوی دووەمی هەڵمەتی لەناوبردنی داعشدا".

راشیگەیاند: لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باسیان لە چۆنێتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کردوە بۆ گەلانی هەرێمەکە و ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردوویانە لە شەڕی دژی داعش بە نرخە.

لە بارەی دروستکردنی دادگایەکی نێودەوڵەتیش بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش، ویلیام رۆباک وتی: "ئەوان ئەمجارە ئەم بابەتەیان لەگەڵ بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەریی باس نەکردوە، بەڵام بابەتێکی زۆر گرنگە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان راوێژی لەسەر دەکەن، پاراستنی چەکدارانی داعش لە هەرێمەکە گرنگە و دەبێت رێگەیەک هەبێ بۆ دادگاییکردنیان".

هــ. ر


AM:09:30:13/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 2224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو