ئێران داوای لە ژاپۆن کردووە ببێتە نێوەندگیری نێوان تاران و واشنتۆن
دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە
وێستگه نیوز ـ
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئێران پابەندە بە رێککەوتنی ئەتۆمی و دەستپێشخەریی شەڕ ناکات، چەند بەرپرسێکی ئێرانیش دەڵێن، وڵاتەکەیان داوا لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەکات نێوەندگیری بکات لە نێوان تاران و واشنتۆندا.
رۆحانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا لەگەڵ شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، کە بە سەردانێک لە ئێرانە، ئاماژەی بەوەدا، رێککەوتنی ئەتۆمی گرنگە بۆ ئاسایشی جیهان و ناوچەکە، تاران و تۆکیۆ دژی چەکی ئەتۆمین، ئێران دەستپێشخەری ناکات لە دەستپێکردنی جەنگ، بەڵام وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەری.
رۆحانی وتیشی، "وەستاندنی شەڕی ئابووری بەرەوپێشچوونێکی ئیجابییە بۆ ناوچەکە و جیهان".
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێدا نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر و دوورکەوتنەوە لە هەڵگیرسانی شەڕ.
هاوکات چەند بەرپرسێکی ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، وڵاتەکەیان داوا لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەکات نێوەندگیری بکات لە نێوان تاران و واشنتۆندا، بۆ سوککردنی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندویەتی.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هەناردەی نەوتی ئێران بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بگەیەنێتە سفر.
هــ. ر
AM:08:37:13/06/2019
ئهم بابهته 1472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت