"سه‌رۆك كۆمار رۆڵی گرنگ ده‌بینێت له‌ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا"

‌بارزانی و بەرهەم ساڵح لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر

وێستگه‌ نیوز ـ

راوێژكارێكی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، سەردانەكەی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ هەولێر رۆڵی گرنگ دەبینێت لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا.


حەسەن جیهاد، راوێژكاری به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، سەردانەكەی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ هەولێر رۆڵی گرنگ دەبینێت لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و بۆ ناوخۆی هەرێمیش كاریگەریی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

جیهاد وتیشی: "پڕۆژەیەك هەیە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە كە ئەم كابینە حكومییەی بڕیار وایە لە ‌هەرێم بەم نزیكانە دروست بكرێت شاندێك بنێرێتە بەغدا تا كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە تەواوی و لە ریشەوە چارەسەر بكرێن".

روونیشیكرده‌وه‌: له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراقدا بۆ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی كردووه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ی توانده‌وه‌ كه‌له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌رۆك كۆماری عیراق دروست بوو بوو.

دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق، به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی هه‌ولێری نه‌كردبوو، به‌ڵام له‌ رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌م ساڵح به‌ فه‌رمی بانگهێشتكراو دوای گه‌یشتنی به‌ شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانیه‌وه‌ پێشوازی لێكرا، دواتریش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە لایەن مەسعود بارزانیەوە پێشوازی لێکرا.

حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوودا شاندێكی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و بودجه‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌رۆك كۆماری عیراق كاری باشی كردووه‌ و رێگه‌ی خۆشكردووه‌.

هــ. ر


PM:11:22:12/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو