ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی خۆپیشاندانەکانی سودانه‌وه‌ کوژران زیاتر به‌رزبوه‌وه‌

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکەی دوو رۆژی رابردووی سودان گەیشتە 60 کەس و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای کردووە سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان بپارێزرێت.  


لیژنەی پزیشکانی سودان رایگەیاند، دوای گەمارۆدانی خێوەتگەی خۆپیشاندەران لەبەردەم بارەگای سەرەکی سوپای ئەو وڵاتە و ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران 60 کەس کوژران و زیاتر لە 140 کەسیش برینداربوون.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی سودان سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سودان، بەرپرسیارە ‌لەئاسایش و سەلامەتیی ھاوڵاتییان و داوای ھێمنیی لە لایەنەکان کردووە.

ھاوکات دوای پەرەسەندنی گرژەیەکان ئەنجومەنی راگوزەری سەربازیش سەرجەم رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ھەڵوەشاندەوە و تەئکیدی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بەچاودێری وڵاتان لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگدا.

ماوەی چەند ھەفتەیەکە ئەنجومەنی سەربازی سودان و ھاوپەیمانی لایەنەکان کە خۆی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی دەبینێتەوە دانووستانەکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستپێکردووە و بەپێی ئەو رێککەوتنەش کە لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی راگوزەر و ھاوبەش بەردەوام دەبێت و دواتر ھەڵبژاردن دەکرێت.

هــ. ر


AM:09:37:05/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو