په‌رله‌مانتارێك واده‌ی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت و نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی ده‌خوات.


رێبوار بابكه‌یی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2019، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ نێچیرڤان بارزانی، بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژارد، ده‌بێت دانیشتنێكی تر بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت.

وتیشی: "په‌رله‌مانی كوردستان دوای پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زان و سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یران، له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا له‌ هه‌ولێر دانیشتنێكی تر ئه‌نجام ده‌دات و تیایدا له‌ مه‌راسیمێكدا نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی ده‌خوات".

له‌ باره‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی ئاماده‌ی مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ ده‌بن، بابكه‌یی وتی: "له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و كونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شدار ده‌بن".

له‌ باره‌ی ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه‌ بابكه‌یی زانیاری لا نه‌بوو، له‌و رووه‌وه‌ وتی: "هێشتا روون نییه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌بێت یان نا".

رۆژی سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگی 68 په‌رله‌مانتار، نێچیرڤان بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژارد.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا فراكسیۆنی یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ به‌شداریان نه‌كرد، فراكسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌نگیان به‌ هیچ كام له‌ كاندیده‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌دا، ته‌نیا فراكسیۆنه‌كانی پارتی و گۆڕان و سۆسیالیست و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌نگیان پێدا.


PM:08:59:29/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 11572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو