فازڵ میرانی: بارزانی و نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌سه‌ر هێڵن

‌فازڵ میرانی

وێستگه‌ نیوز ـ

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باره‌ی ده‌نگۆی ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ دوێنێوه‌ هه‌ردوو كه‌سی مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر هێڵن، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌كه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌ ئه‌وا ئێمه‌ هه‌موومان تاوانبارین و بابێن دادگاییمان بكه‌ن".


فازڵ میرانی، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئەگەر نەجمەدین گیرابێت هەرچەندە خۆی دوێنێ لێدوانی دا کە دەستگیرنەکراوە، سایتەکان بڵاوییان کردەوە ئێمە با وای حساب بکەین بەقسەی ئەوانە گیرابێت، بەڵام ئێمە هیچ هۆکارێک نابینین کە نەجمەدین کەریم بگیرێت، بەڵام ئەوەی کە هەندێک لەسایتەکان دەڵێن نەجمەدین کەریم لەسەر گەندەڵیە، ئەگەر لەسەر ئەوە بێت ئەوا بە بۆچوونی من دەبێت هەموو حکومەتی عیراقی لەسەر گەندەڵی بگیرێت، دوای ئه‌وه‌ بۆچی تا ئێستا یەخەی کوردییان گرتووە به‌ته‌نها نەمانبیستووە کە عەرەبێک لەسەر گەندەڵی بگیرێت".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەهەوڵەکانیان کرد لەسەر دەنگۆی دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریم و وتی: "نەجمەدین كه‌ریم بەتەنها نیە، بەڵکو نەک هەر ئەو هەر کوردێکی کوردستانی عیراق بەناهەق بگیرێت ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان له‌پشتی ده‌بین".

وتیشی: "هەم سەرۆک بارزانی و هەم کاک نێچیرڤان بارزانی، پاش بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆكه‌ لەسەر خەت-ن لەسەر بابەتی د. نەجمەدین، چونکە ئەو ئەگەر پارێزگاری کەرکوک بوبێت پارێزگار بووە لەسەر پشکی برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێتی بووە، بەڕاستی ئەوەندەی نەجمەدین بۆ یەکێتی و کەرکوکی کرد رەنگە ئەگەر ئێمە کورد نەبوینایە بۆ پارتی نەدەکرد، بەڵام بەکورد بوونی نەجمەدین و هەڵوێستە کوردایەتیەکانی نەجمەدین ئێمە بە واجبی خۆمانی دەزانین ئەوەی پێمان بکرێت لە رێگا یاساییەکان و کەناڵە دیبلۆماسیەکانی خۆمانەوە بەرگریمان لە کاک د. نەجمەدین کردووە و دەشیکەین".

فازڵ میرانی ئەوەشی وت: "جگە لە هەوڵەکانی پارتی لە رێگای حکومەتەوە کە راستەوخۆ سەرۆکی حکومەت لەسەر خەت بووە، ئەگەر لە رووی سیاسیشەوە پێویست بکات ئەوا دووباره‌ خودی جەنابی سەرۆک بارزانی، دێتەوە سەرخەت، چونکە پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی و جامیعای عەرەبی و وڵاتان هەیە، ئێمە وادەکەین کە فشارێک لەسەر عیراق دروست بکرێت کە ئەم پیلانگێڕییە چیتر دژی کوردەکان نەکرێت".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی وت: "عەیبە بۆ ئەوانەی کە پێیان خۆش بێت نەجمەدین كه‌ریم بێت یا هەر کوردێکی تری عیراق بەوشێوەیە بگیرێت، چونکە ئەگەر هەوڵی دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریم بدرێت ئەوە هەوڵێکی سیاسی و شۆڤێنیە، ئەگەرنا د. نەجمەدین سەفه‌ری ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی تر دەکات بۆچی ئەگەر پۆلیسی ئینتەرپوڵە ئه‌وی له‌ به‌یروت ده‌ستگیركردووه‌، ئه‌ی بۆچی لەوشوێنانە دەستگیر نەکردووه‌؟ ئێمە دژی ئەو هەوڵانەین کەلەسەر خواستی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بێت لەسەر خواستی زەیدێک، یا عەمرێک بێت دەستگیر کرابێت ئەمە یاسایی نیە چونکە ئەگەر یاسایی بوایە دەبوو یاداشتی دەستگیرکردنی هەبوایە".

میرانی رەخنە لە هەڵوێستی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت لەسەر دەنگۆی دەستگیرکردنی نەجمەدین کەریم و دەڵێت: "باشە ئێمە هەموو لایەنەکان پێکەوە حکومەت دروست بکەین بەڵام باشتر دەبوو ئەگەر لەسەر برادەرانی خۆشمان یەک دەنگ بوینایە، هەرچەندە دڵنیا نیم کە د. نەجمەدین دەستگیرکرابێت چونکە نووسینگەکەی و خۆی لێدوانیان دا کە دەستگیرنەکراوە".

وتیشی: "بەڵام حەق بوو هەر حزبێک لای خۆیەوە وەک سه‌رۆك بارزانی و کاک نێچیرڤان و پارتی هەوڵی خۆیان بدایە لانی کەم سۆراغی دەستگیرکردنەکەیان بپرسیایە، بەڵام د. نەجمەدین تەنها نیە، زۆربەی زۆری کوردی خاوەن بەهەڵوێست لەپشتی نەجمەدینەکانین، ئەگەر لەسەر ئاڵای کوردستان و ریفراندۆم د. نەجمەدین دەستگیرکرابێت حەقە ئێمە خۆپیشاندان دژی ئەوان بکەین کە دەستگیرییان کردوە و داوای ئازادکردنی بکەین چاوەڕێ دەکەین تا خۆی بگەڕێتەوە، به‌ڕاستی ئێمە بە واجبی خۆمانی دەزانین کە بەرگری لە نەجمەدین و نەجمەدینەکان بکەین ئەگەرچی هەر بیرکردنەوەیەکی سیاسی هەبێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر د. نەجمەدین لەسەر بابەتی ریفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک دادگایی کرا پارتی چی بۆ د. نەجمەدین دەکات و هەڵوێستی چی دەبێت؟ فازڵ میرانی وتی: " بە دەقیقی دەڵێم ئەگەر د. نەجمەدین لەسەر ئاڵای کوردستان و ریفراندۆم حوکم بدرێت سەرفرازییەکی گەورەیە بۆ د. نەجمەدین، هەتا ئەگەر لە سێدارەش بدرێت ئەوا دەچێتە ریزی شەهیدەکان و ئێمە سەرفراز دەبین پێی".

راشیگه‌یاند: "به‌ڵام ئێمە هەرچی لەدەستمان دێت پارێزگاری لێ دەکەین وەک تێکۆشەرێکی کورد وە وەک ئەوەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارێزگاری کەرکوک بووە کە دڵی کوردستان و "قیبلەی" کوردستانە، خۆ ئەگەر ریفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تاوان بێت ئەوا ئێمە و هەموو کوردە بەشەرەفەکان تاوانبارین با بێن دادگایمان بکەن، خۆ ئەگەر بشیانەوێت بە هۆکاری گەندەڵی دەستگیری بکەن و دادگایی بکەن ئەوە من دەڵێم هەرچی حکومەتی عیراقە لە سەرەتاوە تا ئێستا هەموویان دەبێت پێش د. نەجمەدن بگیرێن، ئەمەی د. نەجمەدینیش ناتوانن بیسەلمێنن چونکە المتهم برئ حتی‌ تپبت ادانته، لەبەر ئەوە ئەوە بەتەنها توه‌مەتە".

سەبارەت بە بۆچوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، فازڵ میرانی وتی: "تا ئێستا نە بەفەرمی نە بەنافەرمی هیچم لێ نەبیستوون، بەڵام رەنگە هەندێکیان پێیان خۆش بوبێت هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی، هەندێکیشیان وەک ئێمە پێیان ناخۆش بوبێت، ئەوانەی مەبدەئین پێیان ناخۆشە نەک هەر بۆ د. نەجمەدین کە ئەگەر دەستگیرکرابێت بۆ هەر کوردێکی تر پێیان ناخۆشە، ئەوانەشی نا مەبدەئین و سیستیان هەیە بەرامبەر دوژمن و ناحەزانی کورد نەک هەر بۆ د. نەجمەدین بەڵکو پێیان خۆشە بەیانی هەموومان بگیرێین، کە ئەوەش خەیاڵێکە بەڕای من سەری نەگرتووە و سەریش ناگرێت".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی چی دەکەن کە جارێکی تر د. نەجمەدین رووبەڕووی هه‌وڵی دەستگیرکردن نەبێتەوە؟

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمە یاداشتێک دەدەینە پەرلەمانی عیراق و حکومەتی عیراقی و بەرپرسە عیراقییەکان بە کورد و عەرەبەوە کە ئەم جۆرە کارانە کاری باش نین، شێواندنی سومعەی کەسایەتیەکانی ئێمە ئەوەش شێوازێکە لە جیاکاری رەگەزی هەموو گەندەڵەکانی عەرەب ئازادن تەنها بە شوێن کوردەکانەوەن، رەگەز پەرستیش ئیدانەکراوە لەڕووی نێودەوڵەتیەوە".

شه‌وی سێشه‌ممه‌ 21ی ئایاری 2019، چه‌ند میدیایه‌كی عیراقی و سه‌رچاوه‌ی جیاجیا، ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت له‌ لوبنان ده‌ستگیركراوه‌.

ئه‌و میدیا و سه‌رچاوانه‌ وایان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوكی، ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 21ی ئایاری 2019، له‌كاتی سه‌ردانی بۆ لوبنان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت-ی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستگیركراوه‌.

هه‌ر دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستگیرکردنی د.نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشوی کەرکوک لە فڕۆکەخانەیەکی لوبنان، نوسینگەی ناوبراو رونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، رایگەیاند: "جارێکی تر چەند کەناڵێکی راگەیاندن، وەک پیشەی هەمیشەییان و دوور لە پرنسیپ و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، هەواڵێکی چەواشەکارییان بڵاوکردۆتەوە، گوایە بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە کاتی گەشتکردنی بۆ وڵاتی لوبنان، لە فرۆکەخانەی بەیروت ده‌ستگیرکراوە".

دەشڵێت: "لێرەوە بۆ هەموو هاونیشتمانیان لە کوردستان و بە تایبەت شاری کەرکوک ڕادەگەیەنین؛ کە سەرلەبەری ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستیەوە و بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، بۆ کاری ئاسایی و دیبلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە کوردستان".

هاوكات دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ چه‌ند میدیایه‌كی كوردی رایگه‌یاند: بۆ گه‌شتێك چووه‌ته‌ وڵاتی لوبنان و ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

هــ. ر


AM:10:34:23/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو