قه‌ته‌ر مافی په‌نابه‌ریی سیاسی به‌ كۆچبه‌ران دەدات

‌دەوڵەتی قەتەر

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ر بڕیارَكی بۆ ئه‌و توێژانه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌توانن مافی په‌نابه‌ریی سیاسی له‌و وڵاته‌ وه‌ربگرن و مەرجەکانیشی بۆ بڵاوکردنەوە.

به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی، میری قه‌ته‌ر له‌ مانگی ئه‌یلولی 2019 ده‌ریكردوه‌، مه‌رج و رێوشوێنه‌كان بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ریی سیاسی له‌و وڵاته‌ رێكخرا، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مادده‌ی 58ی ده‌ستوری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر رێگه‌ نادات په‌نابه‌رانی سیاسی راده‌ست بكرێنه‌وه‌ و مه‌رجیشی بۆ وه‌رگرتنیان داناوه‌.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ر، ئه‌و توێژانه‌ی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ داوای مافی په‌نابه‌ریی سیاسی له‌و وڵاته‌ بكه‌ن، ئه‌مانه‌ن:

1- ئه‌وانه‌ی به‌رگری له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ن و به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانیانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ، دوچاری هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستگیركردن و ئه‌شكه‌نجه‌ بونه‌ته‌وه‌، یان ئه‌وانه‌ به‌هۆی ده‌كردنی سزا بۆیان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ له‌ وڵاته‌كانیان هه‌ڵاتوون.

2- په‌یامنێر و نێردراوی میدیا بینراو و بیسترا و نوسراوه‌كان كه‌ كار له‌سه‌ر به‌به‌ڵگه‌كردنی واقع و تاوانی جه‌نگ دژی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن و به‌هۆی كاره‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت.

3- ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ربه‌ حزبی سیاسی و تایه‌فی ئایینی و كه‌مینه‌كانن و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه‌.

4- ئه‌و نوسه‌ر و لێكۆڵه‌رانه‌ی بیروڕای خۆیان له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار و ناوه‌نده‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌رده‌بڕن و به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌.

5- به‌رپرسانی حكومه‌ته‌كانی ئێستا و پێشوو كه‌ ئۆپۆزسیۆنی حكومه‌ته‌كانیانن یان لێیان جیابونه‌ته‌وه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان دروستبووه‌.

ئه‌و مافانه‌ی قه‌ته‌ر به‌ په‌نابه‌ری سیاسیی ده‌دات
به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ر، په‌نابه‌ره‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ ژن و ئه‌ندامانی پله‌ یه‌كی خێزانه‌كه‌ی رابكێشێت به‌و مه‌رجه‌ی منداڵه‌كانی ته‌مه‌نی 18 ساڵیان تێنه‌په‌ڕاندبێت، ناشبێت په‌نابه‌ر و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی زیاترله‌ شه‌ش مانگ له‌سه‌ر یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر بمێننه‌وه‌.

هاوکاریی دارایی
په‌نابه‌ری سیاسی له‌ قه‌ته‌ر مافی چاودێریی دارایی پێده‌درێت تا ئه‌و كاته‌ی كاری ده‌ستده‌كه‌وێت، كه‌مترین موچه‌ی مانگانه‌كه‌شی 820 دۆلار و 220 دۆلاریش بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی و هه‌یه‌ك له‌و منداڵانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ 18 ساڵ.

هه‌لی كار
جگه‌له‌و كارانه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئاسایشی قه‌ته‌وه‌ر هه‌یه‌، په‌نابه‌ری سیاسی ده‌توانێت له‌ ئیداره‌ تایبه‌ته‌كاندا كار بكات ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئاستی زانستی و ئه‌زمونی كاركردنی كه‌ هاوپێچ كرابێت به‌ به‌ڵگه‌كانییه‌وه‌.

له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ردا هاتووه‌، هه‌ركات په‌نابه‌ره‌كه‌ كاری ده‌ستكه‌وت، بڕی موچه‌ و چاودێرییه‌ داراییه‌كانی لێ ده‌بڕدرێت.

نیشته‌جێ بوون و خوێندن
ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر شوێنی نیشته‌جێبوون بۆ په‌نابه‌ر و هاوسه‌ره‌كه‌ی و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی دابین دابین ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رخێزانی په‌نابه‌ره‌كه‌ كه‌ هه‌ر دوو بۆ سێ كه‌س ژورێكیان پێ ده‌درێت.

سه‌باره‌ت به‌ مافی خوێندنیش ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر رێگه‌ به‌ په‌نابه‌ر و هاوسه‌ر و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ده‌دات كه‌ مۆڵه‌تی نیشته‌جێبونیان هه‌یه‌، له‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ حكومییه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر وه‌ربگیرێن و زانینی زمانی عه‌ره‌بیش یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتن له‌ خوێندگه‌ حكومییه‌كاندا.

به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌فه‌ر
بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ر مافی ئه‌وه‌ی داوه‌ به‌ په‌نابه‌ر كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گه‌شتكردنی پێ بدرێت و ئه‌و وڵاتانه‌شی تێدا دیاریكراوه‌ كه‌ په‌نابه‌ره‌كه‌ ده‌خوازێت گه‌شتی بۆ بكات، هاوكات هه‌مان به‌ڵگه‌نامه‌ش به‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی ده‌درێت كه‌ ته‌منیان له‌خوار 18 ساڵییه‌وه‌یه‌.

ماوه‌ی مۆڵه‌تی گه‌شته‌كه‌ بۆ دوو ساڵه‌ و شایه‌نی نوێكردنه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌مان ماوه‌ یان ماوه‌ی هاوشێوه‌.

سه‌رچاوه‌: العربی الجدید


PM:07:39:21/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 6004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت