سه‌در داوای خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات

‌موقتەدا سەدر

وێستگه‌ نیوزـ

له‌پێناو به‌دورگرتنی عیراق له‌ ئاگری جه‌نگ، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در داوایه‌كی ئاراسته‌ی هاوڵاتیانی عیراق بۆ خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری كرد.

ئیبراهیم جابری، به‌ڕٍێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ داواكارییه‌كه‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری عیراقه‌ جگه‌له‌ شاری نه‌جه‌ف.

وتیشی: مه‌به‌ست له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ پشتیوانیكردنه‌ له‌ ئاشتی و ئاسایشی عیراق و دورخستنه‌وه‌ی له‌ ململانێ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیایه‌تییه‌كان و پاراستنی عیراقیشه‌ له‌ ئاگری ئه‌و جه‌نگه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی كه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌.

جابری راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ده‌بێت عیراق لایه‌نێك نه‌بێت له‌و جه‌نگه‌ و نه‌ك حكومه‌ت، به‌ڵكو هه‌موان هان بدرێن له‌و جه‌نگه‌ تێوه‌ نه‌گلێن.

داواكارییه‌كه‌ی سه‌در بۆ رۆژی هه‌ینی 24ی ئایاری 2019یه‌ كه‌ بڕیاره‌ كاتژمێر 9 له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عیراق ساز بكرێت، هاوكاتیشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گرژییه‌ی به‌هۆی تێكچونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا و مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌.


PM:06:31:21/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو