ئاسایشی روسیا: 5 هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ باكووری ئه‌فغانستان جێگیربوون


وێستگه‌ نیوز –
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ روسیا ئاشكرایركرد كه‌ پێنج هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ باكووری ئه‌فغانستان جێگیربوون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی ئایاری‌ 2019 ئه‌لكسه‌نده‌ر پۆرتنیكۆڤ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاسایشی روسیا رایگه‌یاند كه‌ نزیكه‌ی 5 هه‌زار چه‌كداری "ویلایه‌تی خوراسان"ی سه‌ر به‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش له‌ ناوچه‌كانی باكووری ئه‌فغانستان له‌نزیك سنووری وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ جێگیربوون.

پۆرتنیكۆڤ له‌وته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ وتی: "چوونی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستانه‌ بۆ ناوچه‌كانی باكوور له‌ ئه‌فغانستان كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ جێی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه‌".

وتیشی‌: "له‌و ناوچانه‌ نزیكه‌ی 5 هه‌زار چه‌كداری 'ویلایه‌تی خوراسان'ی سه‌ر به‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش جێگیربوون".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "زانیاری به‌ به‌ڵگه‌مان ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ رێگا و شێوازی نوێ بۆ چالاكی تێكده‌رانه‌ ده‌گرنه‌به‌ر".

پۆرتنیكۆڤ ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌وان كه‌ره‌سته‌ی ته‌كنه‌لۆجی و ژێرخانیان هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی كیمیایی و ژه‌هری بایۆلۆجی، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان وه‌ك ئامرازێك له‌كاتی گواستنه‌وه‌ و جموجوڵیان به‌كارده‌هێنن ".

ئه‌و به‌رپرسه‌ روسیه‌ راشیگه‌یاند كه‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو شێوازی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ پاره‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك وڵات و رێكخراوی‌ پشتیوانی‌ تیرۆره‌وه‌ ده‌نێردرێن.

سه‌رچاوه‌: RT


PM:12:36:21/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 3848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت