پۆلیسی سلێمانی ده‌ستی به‌سه‌ر 300 ئامێری گزیكردندا گرت

‌سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ
پۆلیسی سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە 300 ئامێردا گرت کە بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەنیازبوون بەکاری بهێنن، هاوکات دەستگیرکردنی 60 تۆمەتباریشی لەسەر چەندین تاوانی جیا جیا راگەیاند.


سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هێزەکانمان توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە زیاتر لە 300 پارچە ئامێریان پێ بووە، کە ئامێری (وۆکی تۆکی)ـن بە ئامێری پچڕانی شەبەکەش تۆڕەکانیان ناپچڕێت، دیارە ویستوویانە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەکاری بهێنن و لە رێگەیەوە غەشی پێ ئەنجام بدەن، ئامێرەکانیش لە کراسەکان دووراون، ژمارەیەک ئامێریشیان بە 200 بۆ 250 دۆلار فرۆشتووە".

وتیشی: "وتە لەو دوو تۆمەتبارە وەردەگیرێت، ئەو ئامێرەیان بە چەند کەس فرۆشتووە دەبێت ناوەکانیان ئاشکرا بکەن، کێش لە پشت هێنانی ئەو ئامێرانە بووە و کێ پاڵپشتی کردوون بۆ ئەوەی ئەم هەموو ئامێرەیان دەستکەوێت، رەنگە فەرمانی ده‌ستگیركردن بۆ خەڵکی دیکەش دەربچێت، ئێمەش دەستگیریان دەکەین".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا دەستگیرکردنی نزیکەی 60 تۆمەتباری دیکەی لەسەر چەندین تاوانی جیا جیا وەکو ساختەکردنی ساڵیانە و تابلۆی ئۆتۆمبێل و کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلی دزی کە لە خوارووی عێراقەوە هێنراونەتە سلێمانی، دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێک لەسەر ماددەی هۆشبەر و، داخستنی دوو گازینۆ کە لە مانگی رەمەزان قوماریان تێدا کراوە، راگەیاند.

سەرکەوت ئەحمەد، راشیگه‌یاند: "48 تۆمەتباریان دەستگیرکردون کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی، لە گەڕەکی راپەڕین و لە سنووری باخەکانی راپەڕین، خانوویان لەسەر موڵکی گشتی و شارەوانی دروستکردووە".

هــ. ر


PM:02:54:20/05/2019








ئه‌م بابه‌ته 14632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو