نێچیرڤان بارزانی نامەیەك بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەنێرێت


وێستگەنیوز-

لە نامەیەكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، چوار خاڵی سەرەكی پێشنیاز دەكات دەربارەی كاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كە بە "یۆنامی" ناسراوە.


ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠١٩ کە تەنها سێ‌ هەفتەی ماوە بۆ دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر پرۆژە بڕیاری درێژكردنەوەی وادەی كاری یۆنامی لە عێراق بۆ یەك ساڵی دیكە، نێجیرڤان بارزانی نامەیەکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ناردوە و چەند داواکارییەکی ئاراستە کردون،

ئەم نامەیە لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق خەریكی ئامادەكردنی پلانێكە بۆ كەمكردنەوەی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق.

داواکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان:


یەکەم: نێچیرڤان بارزانی  داوای بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان كە لانیكەم بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان دابنرێت لە هەولێر لە ئاستی جێگری نێردەی سكرتێری گشتی بێت.

دووەم: نیچیرڤان بارزانی داوای کردووە كەسێك وەكو بەرپرسی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان دیاری بكرێت، چونكە ئەو پۆستە لە ساڵی 2015 وە بە بەتاڵی ماوەتەوە.

سێهەم: نێچیرڤان بارزانی داوای ئەوەشی کردوە بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغداوە بگوازرێتەوە هەولێر چونكە 90%ی ئاوارەكانی سووریا لە عێراق و 60%ی هەموو ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن".


ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو ئامارانەی نێو نامەكەی بارزانی پشتڕاست دەكەنەوە، بەڵام لە راپۆرتە مرۆییەكانیاندا دەربارەی عێراق كەمجار ئاماری تایبەت دەربارەی هەرێمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە، نوێنەرایەتی عێراقیش لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە هیچ كۆبوونەوە و كۆنفرانسێكی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێناكات، لە كاتێكدا ئەو ئاماژەپێكردنە گرنگە بۆ شێوازی دابەشكردنی كۆمەكی نێودەوڵەتی لە عێراق.

 بودجەی "پلانی مرۆیی" نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەمساڵ 701 ملیۆن دۆلارە كە بۆ یارمەتیدانی 1.7 ملیۆن ئاوارە یان تازە گەڕاوەیە. لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی عێراقی لە خۆ گرتووە و هێشتا بە گوێرەی دوا راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان 800 هەزاریان لە كوردستان ماون
.


چوارەم: لە خاڵێكی دیكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات "فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستان" لە راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێبكرێت و "دانی پێدا بنرێت".

 

لە دوا راپۆرتی سكرتێری گشتیدا، 33 جار ناوی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" هاتووە، 12 جاریش وشەی فیدراڵی بۆ وەسفكردنی دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق بەكارهاتووە

ساڵی رابردوو لە نامەیەكی هاوشێوەدا بۆ سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردبوو لە پرۆژە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشدا فراوانكردنی رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی تێدا بێت و یۆنامی ئەو رۆڵە سەرەكییەی هەبێت، سەرەڕای پشتگیریی ئەمریكا بۆ ئەو داواكارییە، بەڵام بەریتانیا كە بەرپرسیاری سەرەكی فایلی عێراقە لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو داواكارییەی هەولێریان پشتگوێخست.


AM:11:17:20/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو