هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی چەند دەوڵەتێکی کەنداو بڵاوەیان پێدەکرێت

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
سعودیە و ژمارەیەک لە دەوڵەتانی هاریکاریی کەنداو رەزامەندیان نیشاندا لەسەر داوایەکی ئەمریکا بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە ئاوەکانی کەنداو و خاکی چەند دەوڵەتێکی ناوچەکەدا.


چەند سەرچاوەیەکی وڵاتانی کەنداو ئەمڕۆ شەممە 18ی ئایاری 2019، بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتیان راگەیاندووە، رەزامەندییەکان لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی تری کەنداودا کراوە، چونکە وەک راگەیەندراوە ئامانج لەو رێککەوتنە، بەرپەرچدانەوەی ئێرانە لە کاتی ئەنجامدانی هەر هێرش و کردەیەکی سەربازی کە بیکاتە سەر ناوچەی کەنداو.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، پاڵنەری یەکەمی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو و خاکی چەند وڵاتێکی عەرەبیدا، بۆ رێگریکردنە لە هەژموونی سەربازی ئێران و بەرپەرچدانەوەی لە کاتی پێویستدا، ئەگەر هاتوو رەوشی ئەمنی کەنداو زیاتر تێكچوو یاخود تاران ویستی هێرشی چاوەڕواننەکراو بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

ئەو هەنگاوە نوێیەی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لە کاتێکدایە دوێنێ هەینی تاران لەسەر زاری حشیمەتوڵا فەلاحەت سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای گفتوگۆی کرد لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێک لە پێشبینییەکان ئەو ئامادەکارییە سەربازییەی ئەمریکا لە کەنداو لە بەرامبەر ئێراندا، بە ئاماژەیەکی بەهێز دەزانن بۆ روودانی جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

هــ. ر


AM:08:27:18/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو