رۆژوو له ئایینه جیاوازه‌كاندا
وێستگه نیوزـ
رۆژووگرتن له سه‌رجه‌م ئایینه گه‌وره‌كانی جیهاندا، نه‌ریتێكی گرنگه به‌ڵام سروت و شێوازه‌كانی له ئایینێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه ده‌گۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له سه‌رجه‌میاندا هه‌مان ئامانجی هه‌یه كه خۆی له خواپه‌رستیدا ده‌بینێته‌وه.
رۆژوو له سه‌رجه‌م ئایینه به‌ربڵاوه‌كانی جیهاندا به ئیسلام و جوله‌كه و مه‌سیحی بوزی و هندۆسی، یه‌ك ئامانجی هه‌یه كه ئه‌ویش ده‌ستبه‌رداربونێكی كاتییه له خۆشی و چێژه‌كانی ژیان و دۆزینه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی نوێی مرۆڤایه‌تی و ئاشكراكردنی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ یه‌زدان.
سایتی DWی ئه‌ڵمانی نه‌ریته‌كانی رۆژووی له سه‌رجه‌م ئایینه‌كانی دیاره‌كانی جیهاندا خستوه‌ته‌روو كه له هه‌ریه‌كه‌یاندا به جۆرێكی جیاواز جێبه‌جێ ده‌كرێت:
ئایینی ئیسلام: هاتنی په‌یام له خوداوه
له ئایینی ئیسلامی‌دا به‌راورد به ئایینه‌كانی دیكه، بنه‌ماكان توندن، به‌تایه‌ت له مانگی ره‌مه‌زاندا كه مانگی نۆیه‌م ده‌كات له رۆژژمێری كۆچی‌دا.
له ئایینی ئیسلامدا هه‌موو ساڵێك واده‌ی ره‌مه‌زان ده‌گۆڕدرێت، له هاویندا رۆژانی رۆژوو درێژ و له زستاندا كورته، بۆئه‌مه‌ش ده‌بێت موسڵمانان به‌رگه‌گرتنێكی زۆریان هه‌بێت، موسڵمانان له مانگی ره‌مه‌زاندا خۆیان له خواردن و خواردنه‌وه و سه‌رجێگایی به‌دوورده‌گرن، هه‌ژاره‌كان خێریان پێ ده‌كرێت.
له ئایینی ئیسلامدا منداڵ و ژنی دووگیان و ژنی شیرده‌ر و ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌سه‌ر سوڕی خوێنن و وه‌زشه‌وانه پیشگه‌گه‌ره‌كان و گه‌شتیار و نه‌خۆش له رۆژوو به‌خشراون، به‌ڵام كه‌سانی پێگه‌یشتوو ده‌بێت به‌رۆژوو بن و مانگه‌كه‌ش به جه‌ژنی ره‌مه‌زان كۆتایی دێت.
تۆماس لیمین، پسپۆڕی دیالۆگی نێوان ئایینه‌كان ده‌ڵێت له وڵاتێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیا كه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی مه‌سیحییه، نه‌ریته‌كانی رۆژوی ئیسلام له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا په‌سه‌ند كراوه، ئه‌وه‌تا كڵێساكان په‌یامی پیرۆزبایی ده‌نێرن و سیاسییه‌كانیش خوانی به‌ربانگ بۆ موسڵمانان ئاماده ده‌كه‌ن.
خوانێکی بەربانگ لە رەمەزاندا
ئایینی مه‌سیحی: فه‌نا و ته‌وبه له تاوان
ده‌قه‌كانی كتێبی پیرۆز ده‌ڵێن كه حه‌زره‌تری مه‌سیح 40 رۆژ له بیابان سه‌رقاڵی نوێژ و رۆژوو بووه و به‌ره‌نگاری پیلانه‌كانی شه‌یتان بووه‌ته‌وه، دواتریش به ناخێكی به‌هێز و تۆكمه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، زۆرێك له مه‌سیحییه‌كان بۆ ماوه‌ی حه‌وت هه‌فته خۆیان له خواردنه به‌له‌زه‌ته‌كان و گۆشت ده‌گرنه‌وه، ئه‌مه‌ش به ماوه‌ی به رۆژووبونی مه‌سیحیه‌كان داده‌نرێت.
گرنگترین ماوەی بەڕۆژووبون بە چوارشممه‌ی کێشانی خاچ لە ناوچەوانی مەسیحییەکان بۆ تەوبەکردن دەستپێدەکات، ئەوەش دوای کەرنەڤاڵی مانگی شوبات یان سه‌ره‌تای مانگی ئازار و ماوەکە به جه‌ژنی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیح كۆتایی دێت، رۆژووه‌كه‌ش رۆژانی یه‌كشه‌ممان ناگیرێت و زۆرێكیش له مه‌سیحیه‌كان خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن چ خواردنێك نه‌خۆن، بۆیه بنه‌ماكانی به‌رۆژوو بون لای ئه‌وان ئه‌وه‌نده قورس نییه.
بۆ نمونه له چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست مه‌سیحییه‌كان توانیویانه خۆیان له بنه‌ما تونده‌كانی كڵێسا بۆ به‌ڕۆژوو بوون لابده‌ن، ئه‌وكاته‌ی گۆشتی ئاژه‌ڵیان لێ قه‌ده‌غه‌كراوه، ئه‌وان گۆشتی ماسی یان گیانداری دیكه‌ی ناو ئاویان خواردوه.
کێشانی خاچێک لە ناوچەوانی مەسیحیەکدا
ئایینی جوله‌كه: روخاندنی په‌رستگا
جوله‌كه‌كان چه‌ند جه‌ژنێكی ئایینیان هه‌یه كه رۆژی تێدا ده‌گرن، گرنگترینیان له رۆژژمێری جوله‌كه‌دا (رۆژی كیبۆر – رۆژی لێخۆشبون)ه، ئه‌م جه‌ژنه له‌رووی لاهوتییه‌وه جه‌ژنێكی تونده و په‌رستگا دایڕشتبوو تا ئه‌و كاته‌ی بابلییه‌كان و دواتریش رۆمانییه‌كان ئه‌و جه‌ژنه‌یان له‌ناوبرد، جه‌ژنه‌كه‌ش پێی ده‌وترێت "ئاشتبونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خودا."
واده‌ی ئه‌و رۆژووه ساڵانه ده‌گۆڕێت و زۆرجار له‌نێوان مانگه‌كانی ئه‌یلول و تشرینی یه‌كه‌مدا به‌ڕێوه‌ده‌شێت، له‌و رۆژووه‌دا جوله‌كه‌كان به‌سه‌ریه‌كه‌وه 25 كاتژمێر به‌ڕۆژوو ده‌بن و رۆژووه‌كه‌ش له خۆرئاوابونه‌وه ده‌ست پێده‌كات و جوله‌كه‌كان خۆیان له خواردن و خواردنه‌وه و سێكس و كێشانی جگه‌ره و ته‌نانه‌ت لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و جوانكاری و یاریی كۆمپیوته‌ر و یارییه قه‌غه‌كراوه‌كانی دیكه ده‌گرنه‌وه و نابێت هیچ شتێك بكه‌ن كه بۆ كات به‌سه‌ربردن بێت.
بۆ كچان رۆژوو له ته‌مه‌نی 12 ساڵی و بۆ كوڕانیش له ته‌مه‌نی 13 ساڵییه‌وه ده‌ستپێده‌كات و زۆربه‌ی جوله‌كه‌كان ئه‌و رۆژه له په‌رستگا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له ئیسرائیل به‌وته‌واوی ژیان له‌و رۆژه‌دا ده‌وه‌ستێت و بازاڕه‌كان ته‌نها خواردنگه عه‌ره‌بییه‌كان كراوه‌ن و شه‌قامه‌كانیش ته‌نها ئۆتۆمبیلی پۆلیس و فریاكه‌وتن و ئاگركوژێنه‌وه‌ی پێدا ده‌ڕوات.
جولەکەکان لە جەژنی کیبۆر نوێژی زۆر دەکەن
ئایینی هندۆسی: پاكبونه‌وه‌ی رۆح
له ئایینی هندۆسیدا بنه‌ما و رێسایه‌كی جێگیر بۆ رۆژوو نییه، زۆربه‌ی كات هندۆسییه‌كان پێش جه‌ژنه گه‌وره‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، رۆژووه‌كه به‌وجۆره‌یه كه (گوروه‌كان - مامۆستا و راهیبه‌كان) چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له ساڵێكدا ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌بن كه بۆ ژیان به‌پێویستی نازانن و خۆیان لە خۆشییەکانی ژیان دەگرنەوە، رۆژوو له ژیانی (سادۆ)ی هندۆسییه‌كان تا ئه‌و كاته‌یه كه له‌شیان زۆر لاواز ده‌بێت و ئێسقانه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مانه لای هندۆسییه‌كان رێزیان لێده‌گیرێت و زۆرجاریش كۆمه‌كیان بۆ ده‌كرێت.
له دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م جۆره رۆژوه‌یان گرتوه، مه‌هماتا غاندی بووه كه رۆژێك وتی: "وه‌ك چۆن ناتوانم ده‌ستبه‌رداری چاوم بم، ئاواش ناتوانم ده‌ستبه‌رداری رۆژوو بم" به‌و واتایه‌ی كه چاو دنیای ده‌ره‌وه ده‌بینێت و رۆژوژش بۆ بینینی دنیای ناوه‌وه‌ی مرۆڤه.
خۆگرتنەوە لە خۆشییەکانی ژیان لای هندۆسەکان
ئایینی بوزی: باوه‌ڕ به كارما
ئه‌م ئایینه‌ش وه‌ك ئایینی هندۆسی بنه‌مایه‌كی جێگری بۆ رۆژووگرتن نییه، بوزییه‌كان له جه‌ژنێكدا كه پێی ده‌وترێت (فیساخ) به‌ڕۆژوو ده‌بن، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له رۆژه گرنگه‌كان بۆ شوێنكه‌وتوانی ئه‌و ئایینه، رۆژه‌كه ده‌كه‌وێته مانگی ئایار یان حوزه‌یران كه تیایدا مانگ به‌ته‌واوی پڕ ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌ش ئاهه‌نگگێڕانه به یادی له‌دایكبونی بوزا.
بوزییه‌كان له‌و رۆژه‌دا به‌رۆژوو ده‌بن و ئاهه‌نگ له شێوه‌ی كه‌رنه‌ڤاڵ ساز ده‌كه‌ن و خواردن و خواردنه‌وه كحولییه‌كان و خواردنی گۆشت و سێكس له‌و رۆژه‌دا قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
بوزییه‌كان باوه‌ڕیان به (كارما) هه‌یه، ئه‌مه چه‌مكێكی ئه‌خلاقییه كه په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینه پێیان وایه ئه‌م دنیانییه جگه‌له نه‌هامه‌تی هیچی دیكه نییه و پێیانوایه به شوێنكه‌وتنی نه‌ریته‌كانی (كارما) ده‌كرێت مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی به‌ره‌و باشتر ببرێت.
نوێژکردنی بۆ دەستکەوتنی کارما لای بوزییەکان
PM:07:52:13/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 2492
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت