پسپۆڕێكی ئهمنی شوێنی ئهبوبهكر بهغدادی ئاشكرا دهكات
ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش
وێستگە نیوز ـ
شارەزایەکی ئەمنی شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەکات و دەڵێت بە پێی لێکدانەوەکانی ڤیدیۆی دەرکەوتنەکەی، بەغدادی لە عیراق و سوریادا نەماوە و پێدەچێت لە ئەفغانستان بێت.
رۆژنامە بەریتانییەکان لەسەر زاری زەید حەمید، شارەزای بواری ئەمنی لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی پاکستان بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەرەستانەی لە ڤیدیۆکەی بەغدادیدا دەردەکەون وەک فەرشەکەی ژێری و پشتییەکانی لایەوە و چەکەکەی ئەوە نیشاندەدەن کە ئەگەری هەیە بەغدادی لە ناوچەیەکی پارێزراوی ئەفغانستان بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی بەشێک لە چاودێران هەمان قسەیان کردووە و رایانگەیاند، لەوانەی ئەبوبەکر بەغدای عیراق و سوریای جێهێشتبێت.
لە ماوەی رابردوودا تۆمارێکی ڤیدیۆیی بەغدادی بڵاوبووەوە کە لەلایەن دامەزراوەی"فورقان" بۆ پڕوپاگەندەی رێکخراوی داعش لە چەناڵی رێکخراوەکە لە ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوکرابووەوە.
تۆمارەکە بە ناونیشانی: "لە میوانی ئەمیری موسڵماناندا" بەغدادی بە ریشێکی درێژی خەنەکراوەوە دەردەکەوێت، بەڵام هیچکام لە میوانەکانی دەموچاویان ئاشکرا نەکراوە.
بەغدای لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا دەڵێت، "براکانتان کە دانیان بە خۆیاندا گرت و قورسایی هەر زۆریان لەسەر بووە لەو جەنگەدا". کە پێدەچێت وەک ئاماژەیەک بێت بۆ شەڕی باغۆز لە سوریا.
ئاماژەی بەوەشکردووە "سەرباز و فەرماندەکان و کەتیبە و لیواکان، ئەوانەش کە توانا و هەوڵی خۆیان داوە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری خۆیان".
تۆمارە ڤێدیۆییەکە مێژووی نازانرێت، بەڵام ئاماژە بە شەڕی باغۆزی سوریا دەکات.
ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی "ئیبراهیم عەواد ئێبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە" سەرۆکی رێکخراوی داعشە لە سوریا و عیراق، ساڵی 1971 لە نزیک قەزای سامەڕای سەر پارێزگای سەلاحەدین لە دایک بووە.
هــ. ر
AM:10:57:13/05/2019
ئهم بابهته 5440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت