سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ به‌غدا كۆبوه‌وه‌

‌دیمەنێک لە کۆبونەوەکە

وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیی له‌ باڵیۆزانی ھەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە عیراق كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی و هاوكاریی هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی دۆستی عیراقدا هه‌بێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 12ی ئایاری 2019 به‌ڕێوه‌چوو، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ته‌ئکیدی كرده‌ه‌وه‌ كه‌  عیراق سوره‌ له‌سه‌ر بنیادنانی په‌یوه‌ندی و هاریکاریی هاوسه‌نگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و  دۆستدا لە نێوانیاندا ئەمریکا و ئێران، تا ببێته‌ فاکتەرێک بۆ ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری لە ناوچەکە و جیھاندا، ھەروەھا روونیشیکرده‌وه‌  کە گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیقلیمی و ئەوروپا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌رۆن.

سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌ستپێکردنی گفتوگۆیه‌کی جددی و بنیادنه‌ریشی به‌پێوه‌ست زانیووه‌ له‌پێناو چاره‌سه‌ری گرفته‌کان و پێشخستنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و وه‌لانانی ناکۆکیه‌کان و دورکەتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، لەلای خۆیانەوە ھەر سێ باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا دوپاتكرده‌وه‌، ھاوکات ئاماژه‌یان به‌ سیاسەتی ھاوسەنگی دەرەوەی عێراق و ئەو رۆڵە گرنگه‌ی له‌ ئاستی عه‌ره‌بی و ناوچه‌یی دەیگێڕێت کرد، خواستی وڵاته‌كانیشیان بۆ بەشداریکردن لە دووباره‌ ئاوەدانکردنەوەی عیراق له‌ رێگای كۆمپانیا ئه‌وروپییه‌كان ده‌ربڕی. 

له‌ دیداره‌دا باڵیۆزانی به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی ناوچه‌كه‌ ئاماژەیان بەوه‌ كرد كه‌ ھاوڕان له‌گه‌ڵ تێروانینه‌كانی عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دورخستنه‌وه‌ی گرژییه‌کان.

ھەر لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چۆنیەتی بەردەوامی ھاریکاری نێوان عیراق و یەکێتی ئەوروپا لە سه‌رجه‌م بوارەکاندا باسیان لێوه‌کرا سه‌ره‌ڕای تاوتوێکردنی دوا پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ له‌ سایه‌ی گرژیی نێوان ئەمریکا و ئێران.


PM:11:59:12/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت