ئه‌مریكا هۆشداری به‌ هاوڵاتیانی خۆی له‌ عیراق ده‌دات


وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا لە بەغدا هۆشداری دایە هاوڵاتیانی خۆی لە عیراق و له‌زیادبونی ئاڵۆزییه‌كان ئاگاداری كردنه‌وه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایاری 2019، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند" ئامۆژگاریی سەرجەم هاوڵاتیانی ئەمریکا دەکەین له‌ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە عیراق، بۆیە دەبێت لەو بارەیەوە ئاگاداربن".

باڵیۆزخانه‌كه‌ داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە لەم کاتەدا سەردانی عیراق نەکەن، هاوكات داواشی لە هاوڵاتییانی خۆی لە عیراق كردوه‌ بۆ هەر زانیارییەکی زیاتر سەردانی ماڵپەڕی باڵیۆزخانەکە بکەن لە بەشی خزمەتگوزاریی تایبەت بە هاوڵاتیانی ئەمریکا.

ناوبە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی خۆی لە عیراق کە ئاگاداری خۆیان بن لە بوونی ئەگەری هێرشکردن بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی وڵاته‌كه‌ی.

ئەو هۆشدارییە نوێیەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا  لە بەغدا لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و پەرلەمانتارانی عیراقیش به‌پێویستی ده‌زانن بەغدا خۆی لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە دووربگرێت و خۆی نەکاتە لایەنێک لەو ناکۆکیانەدا.


PM:11:48:12/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت