ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی گۆڕان ده‌داته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی دوایین پێشنیازەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ 25 ی نیسانی 2019، لە هاوینەهەواری پیرمام مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ببێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر وەڵامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوایین كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە بەشداریی مه‌سعود بارزانی و تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئه‌نجام ده‌درێت، تیایدا گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك تەوەر دەكرێت و بابەتی سەرەكیش پەلەكردنە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پێشتر فازڵ، میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاندبوو، رۆژی پێنجشەممه‌ كۆ بوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و پێكهێنانی حكومەت %90ـی تێپەڕاندووە.

هاوكات خه‌دیجه‌ عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لیژنه‌ی یاسایی چاوه‌ڕوانی رێككه‌وتنی هه‌رسێ لایه‌نی پارتی و یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌موار بكرێته‌وه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت.

وتیشی: "هه‌ركات ئه‌وان رێكبكه‌ون سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ نزیكترین كاتدا ئاماده‌ ساز ده‌كات، چونكه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت زۆر دواكه‌وتووه‌".

ماوه‌ی زیاتر له‌ 200 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم پێكنه‌هاتووه‌.


AM:09:20:25/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 1236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو