17 ژنه‌ په‌رله‌مانتاری كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ شادی نه‌وزاد بڵاوكرده‌وه‌

‌پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
گرووپی خانمانی پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیه‌نن، هەڕەشە لە پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بە درێژەی ئەو هەڕەشانە ناودەبەن کە بە ناوی "شەرەف و ناموسەوە" هەمیشە رووبەڕوویان دەبێتەوە و ئومێد دەخوازن "ئەمجۆرە هەڕەشە ترسنۆکانە بەرامبەر ژنان رابگیرێت".


لە راگەیه‌ندراوێکدا کە 17 ژنە پەرلەمانتار واژۆیانکردووە، بە تووندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانە کراوە کە لە شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ کراوە و هاتووە: "ئێمە وەک پەرلەمانتاران بێ جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسی و ئایدۆلۆژی بە تووندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانە دەکەین و پشتگیری و پشتیوانی لە شادی خان دەکەین".

ده‌شڵێن: "بەداخەوە زۆر جار سەرەڕای بەربەستەکان دەبینە قوربانی و بە ناوی شەرەف و ناموسەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبینەوە وەک ئەوەی بەرامبەر هاوپیشەمان پەرلەمانتار شادی نەوزاد کراوە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئومێد دەخواین ئەم جۆرە هەڕەشە ترسنۆکانە بەرامبەر ژنان رابگیرێت و داواکارین دادگا بە زووترین کات سزای هەموو ئەو جۆرە کەسانە بدات کە دەبنە هۆی هەڕەشە و ترس بۆبەرەو پێشبردنی خەباتی مەدەنیانەی خانمانی کورد".


هاوكات لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، رایگه‌یاند، بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هەڕەشانە دەکەن و بە ئیرادەیەکی یەکگرتووشەوە پشتیوانی لە و خاتوونە سەنگینە و هەموو ژنانی کوردستان دەکەن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "هیوادارین دادگاکانمان بۆ سەروەر بوونی یاساو نە هێشتنی ئەم دیاردانە جێبەجێکەری یاسا بن و پاساو بۆ هیچ کەس و حاڵەتێکی لەم جۆرە نەبێتە بەدیلی یاسا،  تا رەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان لەبەرەو پێشچوونی زیاتر دابێت".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی نیسانی 2019، شادی نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "بانده‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كه‌ن".

شادی نه‌وزاد باسی له‌وه‌شكرد، "له‌ چالاكییه‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌دا، كه‌سانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ سلێمانی به‌شداری چالاكییه‌كانیان كردووه‌، شه‌و له‌ كابینه‌كانی چاڤی لاند و شوقه‌كانی گوندی ئه‌ڵمانی ماونه‌ته‌وه‌، كامێرای شاراوه‌ و چاودێریان بۆ دانراوه‌ و ژیانی تایبه‌تییان وێنه‌گیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێبكرێت".

ئاشكراشیكرد، نامه‌یه‌كی بۆ نێردراوه‌ و تیایدا نووسراوه‌: "چاوه‌ڕوانی بڵاوكردنه‌وه‌ی فیلمی رووتی خۆت به‌".


دەقی راگەیه‌ندراوەکە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

پێشکەوتن و بەرەو پێشچوونی هەر میللەتێک پەیوەستە بە بەشداریکردنی خانمانی لە کایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەدا.

ئێمە وەک پەرلەمانتاران ئێستا لە هەوڵی بەرەو پێشبردنی ڕۆڵی خانمانین لە ناو پەرلەمان و حوکومەت و دەمانەوێت بۆ هەموو دنیای بسەلمێنین کە خانمانی کورد ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە کایەی سیاسی کوردستاندا.

بەڵام بەداخەوە زۆر جار سەرەڕای بەربەستەکان دەبینە قوربانی و بە ناوی شەرەف و ناموسەوە ڕووبەڕوی هەڕەشە دەبینەوە وەک ئەوەی بەرامبەر هاوپیشەمان پەرلەمانتار شادی نەوزاد کراوە.

ئێمە وەک پەرلەمانتاران بێ جیاوازی بیرو و بۆچونی سیاسی و ئایدۆلۆژی بە توندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانە دەکەین و پشتگیر و پشتیوانی لە شادی خان دەکەین.

ئومێد دەخواین ئەم جۆرە هەڕەشە ترسنۆکانە بەرامبەر ژنان ڕابگیرێت و داواکارین دادگا بە زووترین کات سزای هەموو ئەو جۆرە کەسانە بدات کە دەبنە هۆی هەڕەشە و ترس بۆبەرەو پێشبردنی خەباتی مەدەنیانەی خانمانی کورد.

گروپی خانمانی پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

لیزا فەلەکەدین کاکەیی
شایان کاکە صالح عسکری
حسیبە سعیدگەردی
گولستان باقی نهێلی
د.ڕێواز فایەق حسێن
ڕوپاک احمد ڕەحمان
ھەژان کوێستانی
بێگەرد تالەبانی
خدیجە عمرگه
شیرین ئەمین عبدالعزیز
شنۆ اشقی عبدالله
ھدیە مراد حیدر
سەلمە فاتح تۆفیق
سەوسەن محمد میرخان
روژان حه مه ره ش
شادی نەوزاد
ئاشنا عبدالڵە

هــ. ر


PM:09:39:24/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 3260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو