ده‌یان كۆچبه‌ری عیراقی و ئێرانی له‌ كه‌ناراوه‌كانی به‌ریتانیا ده‌ستگیركران


وێستگه‌ نیوزـ

هێزەکانی کەنار دەریای بەریتانیا 36 کۆچبەری عيراقی و ئێرانیان دەستگیر کرد، کە ویستوویانە بە بەلەمی بچوک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە 22ی نیسانی 2019 هێزێکی کەنار دەریای بەریتانیا 36کۆچبەری نایاساییان لە 3بەلەمی بچوکدا دەستگیر کردووە، کە بە نیازبوون بە دەریای "مانش"ی نێوان بەریتانیا و فەرەنسادا بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.

لە یەکێک لە بەلەمەکاندا 11کۆچبەر دەستگیر کراون کە بەرەگەز ئێرانی بوون و لە بەرەبەیانێکی زوودا هێزەکانی کەنار دەریا ئەو کۆچبەرانەیان دەستگیر کردووە و دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ شاری دۆڤەری بەریتانیا بە مەبەستی پشکنین و چاودێریکردنی تەندروستی و دواتر دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، لە بەلەمی دووەمیشدا 15پیاو و ژنێک و منداڵێکی تیدابووە و سەرجەمیان هاوڵاتی عیراقی بوون.

بەڵام بەلەمی سێیەمیان 9 پیاو و ئافرەتێک دەستگیر کراون، کە سەرجەمیان هاوڵاتی ئێرانی بوون وسەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ شاری دۆڤەری بەریتانیا.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وڵاتی بەریتانیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناو وڵاتانی ئەوروپادا کۆچبەران ڕوویان تێکردووە و زۆربەیان ویستوویانە بە کەناڵی ئینگلیزی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا خۆیان بگەیەننە ئەو وڵاتە.

دەربارەی هەوڵەکانی پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزی و مەترسییەکانی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا ڕایگەیاند، هەر کەسێک بیەوێت لە ڕێگەی بەلەمی بچوکەوە بەو کەناڵەدا بپەڕێتەوە، ژیانی خۆی و منداڵەکانی دەخاتە مەترسییەوە، چونکە جموجوڵێکی زۆری کەشتی و بەلەمە گەورەکانی تێدایە و دەبێتە هۆی کەوتنەوەی روداوی نەخوازراو.

بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دۆخەش بەریتانیا و فەڕەنسا دەستیان بە گفتوگۆی هاوبەش کردووە بە مەبەستی رێگریکردن لەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بە کەناڵی ئینگلیزیدا خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.


PM:07:02:23/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 2252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو