وێستگەنیوز زانیاری ورد دەربارەی لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-
حکومەتی هەرێم کاتژمێری سفر دادەنرێت بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان.

ماوەی چەند هەفتەیەکە حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ لابردنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی کە لەهەرێمی کوردستان بونیان هەیە و لەچەند ڕۆژی داهاتودا بەفەرمی دەست دەکات بە لابردنی یەکجارەکییان".

ئەمڕۆ یەک‌شەممە د. سامی جەلال سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێمی كوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند "ئەمڕۆ بەفەرمی و بەفەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری "لابردنی" پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ھێزێك پێك هێندراوە و بۆ ئەوەی بەزوترین كات دەست بە لابردنیان دەكرێت".
 
د. سامی جەلال، ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا مۆڵەتی رێپێدانی پاڵاوگە نایاساییەكان تەواو بوە و ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی داوە دەست بە لابردنی پاڵاوگەكان بكرێت و هاوکات سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی بۆ وەزارەتی دارایی كردووە، بۆ ئەوەی بودجەیان بۆ دابین بكەن بۆ کڕێن و بەکرێگرتنی پێداویستی بۆ لابردن و ھەڵگرتنی پاڵاوگەكان و ئێستاش چاوەڕێی دابینكردنی پارەكە دەكەین".

سامی جەلال وتیشی "بۆ لابردنی ئەو پاڵاوگانە پێویستمان بە ژمارەیەک پێداویستی و هەروەها هێزی ئەمنی و دابینکردنی ژمارەیەک پێداویستی هەیە، چونکە ئێمە نامەنەوێت بە شێوەیەکی کاتی ئەو پاڵاوگانە دابخەین بەڵکو بە یەکجاری پاڵاوگەکان لادەبەین و هەر شتێکیش لەوێ ببێت لەناوی دەبەین".
 
سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان ئەوەشی وت "ئێمە ھێزێكمان لە پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و پێشمەرگە و دروست کردوە لە هەرسێ پارێزگاکەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک دروست كردووە بۆ ھەڵگرتنی ئەو پاڵاوگانە و شارەوانییش سێ پارچە زەوی بۆ دابین كردووین، بۆ ئەوەی كەلوپەلەكانی لێ كۆ بكەینەوە و بە زووترین كات دەست بە ھەڵگرتنیان دەكەین، چونكە ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە".
 
دەربارەی کاتی لابردنی ئەو پاڵاوگانە ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێم وتیشی "سەرجەم ئەو پاڵاوگانە لادەبرێن لە هەرسێ پارێزگاکە، کە ژمارەیان ١٦٩ پاڵاوگەیە و لەکاتژمێری سفردا دەیدەین بە سەریاندا بە یەکجاری ئەو پاڵاوگانە لەناو دەبەین".


هــ. ب


PM:02:43:21/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو