هەندرێن محەمەد: هەفتەی داهاتوو پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان دابەش دەكرێت

‌هەندرێن محەمەد

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، وادەی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ لە هەموو شار و شارۆچكەكان حیسابی بانكیان كردووەتەوە.

 
هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "وەك كۆمسیۆن‌ تەواوی ئامادەكارییە ئیداری و داراییەكانمان تەواو كردووە، چەكی بانكی و حیسابمان بۆ بانكەكان كردووەتەوە و چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیە یاخود هەفتەی ئایندە‌‌ پارەكە به‌سه‌ر كارمه‌ندانی سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان دابەش بكرێت".
 
روونیشی كردەوە: "لە هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك، 53 حیسابی بانكیمان كردووەتەوە، ئەمەش بۆ ئاسانكاریی هاوڵاتیانە، كە بتوانن لە هەر شوێنێك بن بڕی پارەكەی خۆیان لە بانكەكان وەربگرن، هەروەها ناوی كارمەندانمان ئامادە كردووە و‌ هەر كارمەندێك لە شوێنی نیشتەجێبوونی دەتوانێ پارەكە وەربگرێت".
 
ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌: "لەسەر بەڵێنی بەڕێوەبەری بانكە گشتییەكان، لە ماوەی هەفتەیەكدا دەتوانین تەواوی پارەكە دابەش بكەین به‌ سەر كارمەندانی سندووقەكانی دەنگدان".
 
له‌ باره‌ی بڕی پاره‌كه‌شه‌وه‌ وتی: "بڕی پارەكە شه‌ش ملیار دینارە ‌و 43 هەزار كارمەند پارەكە وەردەگرن، هەروەها هەر كارمەندێك بڕی 150 هەزار دیناری پێدەدرێت و بەڕێوەبەرەی بنكەكانیش بڕی 200 هەزار دینار وەردەگرن".

هــ. ر


PM:01:56:21/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 12440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو