ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سودان لەکارەکانیان دوورخرانەوە

‌عەبدولفەتاح بورهان

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر لە سودان بریاریدا، ئەندامانی دەستەی داواکاری گشتی و بەرپرسانی 18 پارێزگا و بەپرسی میدیای دەوڵەت لەکارەکانیان دووربخاتەوە.


لە بەیاننامەیەکدا، سوپای سودان رایگەیاند، عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر لە سودان سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی سودان و جێگر و ئەندامانی فەرمانگەکەی لەکارەکانیان دوورخستوەتەوە، هەروەها بەرپرسی 18 پارێزگای سودانیش لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە لە ناویشیاندا والی خەرتومی پایتەخت هەیە.

سوپای سودان ئەوەشی خستووەتەروو، بەرپرسی رادیۆ و تەلەفیزۆنی فەرمی سودان لەکارەی دوورخراوەتەوە.

کۆمەڵەی پیشەوەرانی سودانیش کە ماوەی چوارمانگی رابردوو سەرپەرشتی چالاکیەکانی سودانی کردووە ئاشکرایکرد، داوا دەکەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و ئەندامەکانی و دواکاری گشتی لەکارەکانیان دووربجرێنەوە.

عەبدولفەتاح بورهان، پێش ئەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر وەربگرێت، پشکنەری گشتی بووە لە ناو وه‌زارەتی بەرگری سودان.

ئەوە لەکاتێکدایە، سودان لە ماوەی کەمتر لە دووهەفتەدا گۆڕانکاریی سیاسی خێرای بەخۆوە بینی و دوو سەرۆک لەسەر کار لابران، کاتێک عەوەز بن عەوف جێگری سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگریی سودان کودەتای بەسەر عومەر حەسەن بەشیردا کرد و خۆی کردە سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی، کە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، وەک هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و حکومەتی ناوەند و ویلایەتەکان.

رۆژی هەینییش عەوەز بن عەوف، لەژێر فشاری شەقامدا دەستیلەکارکێشایەوە و لەجێگەی ئەویش عەبدولفەتاح بورهان پشکنەری گشتی لە سوپای سودان دەسەڵاتی گرتە دەست و، بەڵێنیدا بەمنزیکانە گفتوگۆ لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان و فیدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکان دەستپێبکات.



PM:09:16:16/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 2972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو