به‌ڤیدیۆ... باوكێك كچه‌كه‌ی له‌پێناو ژه‌مێك خواردندا ده‌كاته بارمته
وێستگه نیوز -
له یه‌كێك له چێشتخانه‌كانی باشووری وڵاتی چین باوكێكی دڵڕه‌ق كاتێك زانی پاره‌ی ئه‌و ژه‌مه خواردنه‌ی پێ نییه كه خواردوویانه، كچه‌كه‌ی كرده بارمته تا بڕوات و پاره‌كه بهێنێت.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی "dailymail"ی به‌ریتانی، له هه‌رێمی گوانگ دونگی باشووری چین دوای ئه‌وه‌ی پیاوێك له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی له چێشتخانه‌یه‌ك ژه‌مێك نانیان خوارد و وه‌سڵی پاره‌ی ژه‌مه‌كه‌یان بۆهات كه 89 سه‌نت بوو، تێبینی كرد ته‌نها 75 سه‌نتی پێیه.
هه‌رچه‌نده جیاوازی نێوانیان ته‌نها 14 سه‌نت بوو، پیاوه‌كه به كارمه‌ندانی چێشتخانه‌كه‌ی راگه‌یاند كه كچه‌كه‌ی به بارمته له‌لایان جێده‌هێڵێت تا ده‌ڕواته ده‌ره‌وه و پاره‌كه‌یان بۆ ده‌هێنێت.
باوكه به‌خێراییه‌كی زۆر له چێشتخانه‌كه ده‌چێته ده‌ره‌وه و كچه‌كه‌شی كه ته‌مه‌نی دوو ساڵه به گریانێكی زۆره‌وه هه‌وڵ ده‌دات پێی بگاته‌وه، كارمه‌ندانی چێستخانه‌كه نه‌یاتوانی "باوكه كه‌مته‌رخه‌مه‌كه" رابگرن، چونكه به خێراییه‌كی زۆر له به‌رچاوان ون بوو.
خاوه‌نی چێشتخانه‌كه گومانی كرد له‌وه‌ی پیاوه‌كه ئه‌و كچه بچووكه‌ی رفاندبێت، چونكه ئه‌سته‌مه باوكێكی راسته‌قینه كارێكی له‌و جۆره بكات، بۆیه په‌یوه‌ندی به پۆلیسه‌وه ده‌كه‌ن تا بگاته چێشتخانه‌كه.
دوای چه‌ند سه‌عاتێك باوكه‌كه گه‌ڕایه‌وه چێشتخانه‌كه و پاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، به‌ڵام كاره‌كه گه‌یشته لای پۆلیس و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی به‌توندی سه‌رزه‌نشت كرا.
كارمه‌ندانی چێشتخانه‌كه رایانگه‌یاند كه دوای ئه‌وه‌ی باوكه‌كه له به‌رچاو دیار نه‌ما، هه‌وڵیانداوه كچه بچووكه‌كه ئارام بكه‌نه‌وه و خواردنه‌وه‌یه‌كیان پێداوه.
باوكه‌كه‌ش رایگه‌یاند كه به ماتۆڕسكیلێكی كاره‌بایی رۆشتووه بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كه بهێنێت و ناچاربووه ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان بكات تا ماتۆڕسكیله‌كه‌ی بارگاوی ببێته‌وه و به‌وهۆیه‌شه‌وه كچه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك لای كه‌سانی نه‌ناسراو به‌جێهێشتووه.
PM:06:52:15/04/2019
ئه‌م بابه‌ته 4584
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت