كۆمپانیای دانه‌غاز: داهاتمان له‌ هه‌رێم دوو هێنده‌ زیادی كردووه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
داهاتی‌ کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هێندە زیادیکردووە.


کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، ده‌ڵێت: "داهاتی‌ کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم، لە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شلکراو لە هەرێمی کوردستان 112 ملیۆن دۆلار بووە".

ئاماژە بەوەشکراوە، بەو پێیەی کە کۆمپانیای دانە غاز لە سەدا سی‌ و نۆی‌ پشکەکانی پێرڵ پێترۆڵیۆمی هەیە، پشکی کۆمپانیاکە لە فرۆشتنی غازی سروشتی و گازی شلکراو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 39 ملیۆن دۆلارە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، داهاتی کۆمپانیای دانە غاز لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، لەسەدا 117 زیادیکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی بیست ساڵی واژۆکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بە بڕی دوو سەد و پەنجا ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا. کۆنسێرتۆمەکە بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی تا ساڵی 2022 بۆ رۆژانە 900 ملیۆن پێی سێجا بەرزبکاتەوە.

هــ. ر


PM:02:10:14/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 2004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو