سێ سەربازی روسیا لە سوریا كوژران

‌سەربازانی روسیا لە سوریا-گێتی

وێستگەنیوز-  

وەزارەتی بەرگریی روسیا كوژرانی سێ سەربازی لە پارێزگای دیرئه‌لزور لە سوریا راگەیاند.  

ئەمرۆ سێشەممە 26ی ئازاری 2019، وەزارەتی بەرگریی روسیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند سێ سەربازی وڵاتەكەی لە سنوری دیرئه‌لزور لە سوریا كەوتونەتە بۆسەی ژمارەیەك چەكدار و هەرسێكیان كوژراون.  

بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا ئاماژەی بەناوی ئەو گروپە چەكدارییە نەكردووە كە سەربازەكانی كوشتوە، بەڵام ئاشكرای كرد كه‌ فرۆكە جەنگیەكانی روسیا بە هەماهەنگی هێزە تایبەتەكان ئۆپراسیۆنێكیان لە دژی ئەو گروپە ئەنجامداوە و 30 كه‌سیان لێ كوشتون.  

بەپێی راپۆرتێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی فیدراڵی روسیا رێژەی گیان لەدەستدانی سەربازانی روسیا لە جەنگی ناوخۆی سوریا تاوەكو سەرەتای ئەمساڵ 115 سەرباز بووە .  

بەشداریكردنی روسیا لە جەنگی ناوخۆی سوریا ئەو كاتە دەستی پێكرد كە هێزە ئاسمانیەكانی روسیا رۆژی 30 ئەیلولی 2015 لەسەر داوای بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا دەستیانكرد بە بۆردومانكردنی ئەو ناوچانەی كە ئۆپۆزسیۆنی سوریا كۆنترۆڵیكردبوو.

 ئەسەد بۆ رزگاركدنی دەسەڵاتەكەی داوای پشتیوانی سەربازی لە روسیا كرد، ئه‌وه‌ش بۆ روبەروبونەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كە تا ئەو كاتە زۆرینەی خاكی سوریایان كۆنترڵكردبوو.


PM:09:11:26/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو