سوپاسالاری پێشووی عیراق: داعش سیسته‌می كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی گۆڕیوه
وێستگه نیوز -
سوپاسالاری پێشووی عیراق رایگه‌یاند كه داعش سیسته‌می كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی گۆڕیوه و شێوازی كرده‌وه‌كانی كردووه‌ته پارتیزانی و مه‌ترسییه‌كی زیاتر له پێشووی بۆ سه‌ر عیراق ھه‌یه.
بابه‌كر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عیراق له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌ڕمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه "كۆتایی به داعش نه‌ھاتووه، به‌ڵام سیسته‌می كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی گۆڕیوه، چونكه ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوون، نه‌ماون، واته شه‌ڕی گرتنی سه‌نگه‌ر نه‌ماوه، به‌ڵام شه‌ڕی پارتیزانی په‌یدا بووه، ئاشكرایه شه‌ڕی پارتیزانی زۆر مه‌ترسیدارتره له شه‌ڕی دانانی سه‌نگه‌ر، به‌تایبه‌تی بۆ گرووپێكی تیرۆریستیی وه‌ك داعش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، تا ئه‌وكاته‌ی ده‌كوژرێن، یانیش خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه".
سوپاسالاری پێشووی عیراق وتی: "داعش مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ھه‌رێمی كوردستان نییه، چونكه له سنووری سوریا تا ده‌گاته سنووری ئێران پێشمه‌رگه سه‌نگه‌ری گرێ داوه و ھیچ كه‌سێكیش له خه‌ڵكی ئێمه داعش ناحه‌وێنێته‌وه و ھاوكارییان ناكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر زه‌حمه‌ته بتوانن ھه‌رێمی كوردستان بكه‌نه ئامانج".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "به‌ڵام شه‌ڕی پارتیزانی بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق زۆر مه‌ترسیداره، چونكه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی داعش تێیاندا چالاكه زۆر ھاوكارن له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش، به‌شێكی زۆری چه‌كدارانی داعش خه‌ڵكی خۆجێی ئه‌و ناوچانه‌ی عیراقن و ده‌یانحه‌وێننه‌وه و رێگایان بۆ داده‌نێن تا ده‌ستی خۆیان بوه‌شێنن".
وتیشی: "ھه‌ر له رۆژانی رابردوو له قه‌زای به‌عاج داعش ھێرشێكی كرد، به‌پێی زانیارییه‌كانی من چوارده‌وریان گه‌مارۆ درابوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی زانییان ده‌رناچن، ھه‌موویان خۆیان ته‌قانده‌وه، مه‌به‌ستم له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌وه‌یه پێویسته ھێزه ئه‌منییه‌كان چاوكراوه‌تر بن و له تاكتیكی شه‌ڕی داعش تێ بگه‌ن كه چۆن شه‌ڕی نوێ ده‌كرێت و چۆن به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه".
PM:07:50:26/03/2019
ئه‌م بابه‌ته 960
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت