ئێران لەناو زریاندایه‌..لافاو كارەساتی خوڵقاندوە

‌لافاو لە ئێران

 وێستگە نیوز-  

ئەو گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی لە فرۆكەیەكەوە تۆماركراوه‌، رێژەی ئەو كارەساتە پیشان ده‌دات كە بەهۆی لافاوەوە به‌ر ناوچه‌كانی ئێران كه‌وتوه‌ و لە كۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە 25 پارێزگای گرتوه‌تەوە، هاوكات حكومەتی تاران له‌ ئاست ئه‌و كاره‌ساته‌ سروشتییه‌، به‌ كەمتەرخەم تۆمەتبار دەكرێت.  

ژمارەیەك لە چالاكوانانی ناڕازی ئێران لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە كە لە فرۆكەیەكەوە گیراوە و دەردەكەوێت بەهۆی لافاوەكەی رۆژی 25 ی ئەم مانگە ناوچەیەكی فراوان له‌ ئێران زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتوه‌.  

ئەو چالاكوانانە لە رێی پەیامەكانیانەوە ئاماژەبەوە دەکەن گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانی وڵات لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو هۆكاری ئەو كارەساتە بووە، ئه‌وه‌ش وەك ئاماژەیەك بۆ هاتنەسەرحوكمی پیاوانی ئایینی لە شۆرشی خەڵكی ئێران لە ساڵی 1979.  

هێزەكانی فریاكەوتنی ئێران رۆژی دووشەممە 25ی ئازاری 2019، رایانگەیاند بەهۆی لافاوەكەوە كە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتانەی گرتوەتەوە، 19 كەس گیانیان لەدی‌ستداوە و 100ی دیكه‌ش بریندار بوون.  

پیر حسین كۆلیفاند، بەرپرسی دەزگای فریاكەوتنی ئێران بە میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی راگەیاند زۆربەی قوربانییەكان لەشاری شیراز لە باشوری وڵات و ناوچه‌ی ساربون لە پارێزگایی كرماشان لە رۆژئاوای ئێران بووە، هاوكات رێكخراوی ئیدارەدانی قەیرانەكانیش لە ئێران رایگەیاند وڵات روبەروی زریان و لافاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بووه‌ته‌وه‌ و لە كۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە 25 پارێزگای گرتوه‌تەوە.  

لافاوەكەی دوێنێ بەتایبەت باشور و رۆژئاوای ئێرانی گرته‌وه‌ لە رۆژی 19ی ئازاریشەوە زریانێكی بەهێز روی له‌ پارێزگاكانی گولستان و مازەندەران لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران كردوه‌، دەسەڵاتدارانی تارانیش مەترسی ئەوەیان هەیە ئەو زریان و لافاوە پایتەخت و هەرێمی خوزستانی دەوڵەمەند بەنەوتیش بگرێتەوە، بەپێی میدیاكانی ئێرانیش بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو زۆرێك لە پرد و رێگاكانی هاتوچۆ داروخاون.  

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران داوای لە سوپا و هێزەئەمنیەكانی وڵاتەكەی كرد هاوكاریی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بكەن كە لافاو زیانی پێگەیاندون، به‌ڵام مەریەم رەجەوی، سەرۆكی موجاهیدینی خه‌لق-ی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش ره‌خنه‌ی توندی گرت و رایگەیاند" سیاسەتی داروخێنەری ئێران و بردنی سەرمایەی گەلی وڵات بۆ پشتیوانیكردنی تیرۆر و بڵاوكردنەوەی شەر، وایكرد ئێرانیەیكان لە كاتی روداوێكی سروشتی ئاساندابێ دەسەَلات بمێنەوە.  

رەجەوی وتیشی: تێكرایی زیانی ئێرانیەكان لە روداوێكی سروشتیدا زیاترە لە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان،  لافاوەكه‌ی پارێزگای گوڵستانیشی به‌ نمونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ قوربانیەكی زۆری لێكەوتەوە و له‌ناو قوربانیەكانیش منداڵ هه‌ن.


PM:06:27:26/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 7604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت