کاتێک زیندان دەبێت بەپەناگەیەکی ئارام بۆ ژنان
گەڕانەوەی ژنانی حوکمدراوان بۆ نێو کۆمەڵگە پێویستی بەهوشیارکردنەوه يه
وێستگه نیوز- رێژنه سهردار-
ئەم چیرۆکە به هاوکاری و پشتیوانی رێخراوی "Internews” ئامادەکراوە لەسەر ژیانی کەسێک کە زیندانیکراوەو لەبەر تانەو تەشەری خەلک نەیەوێ بگەرێتەوە.
ژمارەیەک لەو ژنانەی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکەوە حوکمدەدرێن، لە ترسی تانەو تەشەرو مەترسیی لەسەرژیانیان. نایانەوێ پاش تەواوکردنی سزاکەیان لەزیندان ئازاد بکرێنو بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان.
کانی (ناوێکی خوازراوە) تەنها چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەیو ئازادبون لەزیندان، بەڵام لەبری ئەوەی شادو دڵخۆش بێت، نیگەرانو دڵتەنگە، چونکە نازانێ پاش ئازادبونی ڕوبکاتە کوێو ژیانی پارێزراو نابێ.
ئەو کە بەتاوانی گواستنەوەی مادەی هۆشبەرەوە تێوەگلاوە، نازانێ پاش بەسەربردنی چەند ساڵێک لەگرتوخانەی چاکسازی کۆمەڵایەتی چۆن روبەڕوی کەسوکارو کەسە نزیکەکانی بێتەوە کە دوای دەستگیرکردنی حاشایان لێکردوە.
کانی وتی "حەزناکەم حوکمەکەم کۆتایی بێتو ئازاد بم، مانەوەم لەناو زیندان پێخۆشترە لەوەی بچمە دەرەوەو دەزانم هەڕەشە لەسەر ژیانمە".
کانی کە تەمەنی ٥٠ ساڵە، پەشیمانە لەو کارەی ئەنجامیداوەو پڕ بەدڵ حەز دەکات بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەیو ژیانێکی نوێ دەستپێبکات، بەڵام نایشارێتەوە کە دەترسێت قسەو قسەلۆکی کۆمەڵگە ژیانی لێهەراسان بکات و داهاتوی خۆیو منداڵەکانیشی بخاتە مەترسییەوە.
"کانی" یەکێکە لەو ژنانەی کە پاش بەسەربردنی ساڵانێک لەزیندان، لەئازادیی دەترسن و خوازیارن لەگرتوخانە بمێننەوە.
بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان لە سلێمانی، ئومێدە محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی ناو چاکسازیەکە لەقسەی ناو کۆمەڵگە دەترسن و ئەڵێت، "لەکۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنانی ئاسایی ڕوبەڕوی قسەو قسەڵۆک دەبنەوە، ئەی چۆن دەبێت بەرامبەر ئەوانەی تاوانێکیان ئەنجامدابێت".
ئومێدە ئەوەش ڕوندەکاتەوە کە بەردەوام لە ڕوی دەرونیو کۆمەڵایەتیەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەو بەشێوەیەکی تەندروستر بگەڕێنەوە کۆمەڵگە. لەم بارەیەشەوە دەڵێت "قسە لەگەڵ کەسوکاریشیان دەکەین بەڵام ئێمە ناتوانین بەتەنها کێشەی بەو جۆرە خراپە سەیرکردنی کۆمەڵگە بگۆڕین، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان سیمیناری تایبەت لەشوێنە گشتیەکاندا ساز بکەنو ببنە هۆکارێک بۆ گۆڕینی ڕوانینی خەڵک بۆ ئەوەی ئەو ژنانە جارێکی تر نەبنەوە بەقوربانی، ڕاستە ئەوان هەڵەیەکیان ئەنجامداوە، بەڵام ئێستا گۆڕاونو پەشیمانن".
ئەگەرچی زیندان شوێنێکی ناخۆشە بۆ بەسەربردنی ماوەی سزای یاسایی ئەو کەسانەی کە لەتاوانێکەوە تێوەدەگلێن، بەڵام زیندانی چاکسازی ژنانی سلێمانی بووە بەپەناگەیەکی هێمن بۆ ئەو ژنانەی کە لەترسی تەواوبونی ماوەی سزاکەیان ژیان بەسەردەبەن.
هەرچەندە ئەوان وەک خۆیان دەڵێن وانەیان لەهەڵەکانیان وەرگرتوەو پەشیمانی دەردەبڕنو لێرە خۆیان سەرقاڵی چەند کارێکی وەک نانکردنو بەرگردوریی و کاری دەستینو هەندێکیشیان پێکەوە ئاراشتگایەکیان بۆ ژنانی ناو زیندانەکە داناوەو خۆیان سەرقاڵکردوە بە کارەوە، بەشێکیان کە بیر لەڕۆژانی ئازادبونیانو ئەو قسەو قسەڵۆکانەی خەڵکو ئەو هەڕەشانە دەکەنەوە کە هەفتانە لەڕێگەی سەردانی کەسە نزیکەکانیانەوە بۆیان دێت، خۆزگە بەمانەوە لەزیندان دەخوازن.
توێژەری کۆمەڵایەتی، دارا ئەنوەر زۆراب، ئاماژە بەوە دەکات هەمیشە ئەو ژنانەی لەزیندانەوە دەگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە لەڕێگەی خێزانو دەوروبەرەوە توشی تانەو تەشەرو کێشە دەبن، بۆیە زۆرجار پاڵیان پێوەدەنرێت بچنەناو کێشەی ترەوەو بگەڕێنەوە بۆ زیندان.
دارا ئەنوەر پێی وایە "کەموکورتییەکی گەورەش کە هەیە ئەوەیە، چاکسازیەکانی کوردستان لەو ئاستەدا نین کە حوکمدراوان ئامادە بکەنەوە بۆ گەڕانەوە نێو کۆمەڵگە". ئەو لە درێژەی قسەکانیدا ئەڵێت "پێویستە تاکی کورد هۆشیار بکرێتەوە لەکێشەیەکی وا گەورە کە دوبارە ژنەکان دەکاتەوە بەقوربانیو زۆرجار دوچاری هەوڵدان بەخۆکوشتنو نەخۆشی دەرونیان دەکەنەوەو، رقو بیری توندوتیژییو دوژمنکاریی لەناخیاندا دروست دەکەنەوە".
زۆراب پێیوایە ئەم ژنانە لەبەردەم پێنج مەترسیدان، کە بریتین لە"جەستەیی، دەرونی، ڕۆحی، عەقڵیو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان". ئەگەر دوای ئازادبونبان بەر هەڕەشەو تانەو تەشەری کۆمەڵگە بکەون ئەوا دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ژیانیان. ئەوداواکاری لە حکومەتو ڕێکخراوەکان ئەوەیە کار لەسەر بونیادنانەوەی ئەم ژنانە بکەن وەک کەسێکی خاوەن ئەزمون تەماشا بکرێن.
گەڕانەوەی ژنانی حوکمدراوان بۆ نێو کۆمەڵگەو دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی پێویستی بەهوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو بەهێزکردنی پەیوەندییانە لەگەل خێزانی کەسوکاریان لەماوەی حوکمدانیان و پاراستنیانە بەیاسا.
پارێزەری ڕاوێژکار لە ڕێکخراوی خانزاد، کارزان فازڵ، ڕیدەگەیەنێت، پێویستە لەسەر حوکمەت شوێن و یاسای تایبەتیان بۆ دابین بکات تاوەکو پارێزراو بن، ئەو وتی "ئێمە لەگەڵ کابینەکانی حکومەت و وەزیری کار و باری کۆمەڵایەتی دانیشتوین و لەمبارەوە داواکاریمان پێشکەش کردووە".
وتیشی "پڕۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بەم بابەتە بەرنامەیەکی دورودرێژە و دەبێت زوو یان درەنگ جێبەجێ بکرێت".
ئەم چیرۆکە به هاوکاری و پشتیوانی رێخراوی "Internews” ئامادەکراوە لەسەر ژیانی کەسێک کە زیندانیکراوەو لەبەر تانەو تەشەری خەلک نەیەوێ بگەرێتەوە.
ئهم بابهته بههاوئاههنگی لهگهڵ گۆڤاری ژن بڵاودهكرێتهوه
PM:12:17:26/03/2019
ئهم بابهته 4072
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت