جیم جێفری: شه‌ڕ دژی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت

‌کاروانێکی سوپای ئەمریکا لە سوریا

وێستگه‌ نیوز –
نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی داعش جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ شه‌ڕ دژی‌ رێكخراوی‌ داعش به‌رده‌وام ده‌بێت.

جیم جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی دژی رێكخراوی داعش رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچه‌نده‌ رێكخراوی داعش هیچ شوێنێكی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام شه‌ڕی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ دژی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ته‌واو نه‌بووه‌.

جێفری له‌ لێدوانێكدا وتی: "ئه‌مریكا شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی‌ رێكخراوی داعش نازانێت".

وتیشی: "شكستهاتنی رێكخراوی داعش له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ دوامۆڵگه‌یدا له‌ سوریا رۆژێكی مه‌زن بوو"، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ شه‌ڕ دژی رێكخراوه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌ سوریا ده‌مێننه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی.

جێفری‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "ئه‌مه‌ كۆتایی شه‌ڕ دژی‌ داعش نییه‌. شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌ رێگای‌ جیاواز".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ هه‌وڵی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ شكستپێهێنانی‌ هه‌میشه‌یی رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ و فشاركردن له‌ وڵاتان بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی‌ شه‌ڕدا ده‌ستگیر كراون.

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراته‌وه‌ به‌دیل گیرابوون عیراقی‌ و سوری‌ بوون و دوای‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌كانیان.
 
سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز


AM:08:36:26/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت