سه‌رۆك كۆماری عیراق و جێگری سه‌رۆكی حه‌شدی شه‌عبی كۆبونه‌وه‌

‌ئەبو مەهدی موهەندیس و د.بەرهەم ساڵح

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق جه‌ختی له‌سه‌ر كێوماڵكردنی پاشماوه‌كانی داعش كردوه‌ و رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبیشی بۆ به‌رگریكردن له‌ ئاسایشی عیراق به‌رزنرخاند. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی ئازاری 2019، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق پێشوازیی كرد لە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، د.به‌رهه‌م تەئكیدی لەسه‌ر گرنگی پشتبەستن بە پلانی گونجاو بۆ بەهێزكردن و پاراستنی ئەو دەستكەوت و سەركەوتنانە كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ بەسەر رێكخراوی داعشدا بە دەست ھاتووە. 

سایتی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ د.به‌رهه‌م ساڵح به‌پێویستی زانیووه‌ رێوشوێنی گونجاو و كاری هەواڵگریی جددی بگیرێته‌به‌ر بۆ كێوماڵكردنی پاشماوەكانی داعش و شانەكانیان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی لە وڵاتدا.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عیراق رۆڵی حەشدی شەعبی و قوربانیدانیەكانی شان بەشانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بەرز نرخاند بۆ بەرگریكردن لە عێراق و ئاسایشی گەلەكەی. 

هاوكات مه‌هدی موهەندیس باسی لەو ئەركانە كردوه‌ كە لەئێستادا حەشدی شه‌عبی رایدەپەڕێنێت و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ حه‌دش هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان دەكات بۆ پارێزگاریكردن لەو سەركەوتنانەی بەدیهاتووە و تا رێگه‌ لەو پیلانانه‌ بگرن كە ئامانج لێی تێكدانی ئاسایشی عیراقه‌.


PM:04:35:25/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت