كۆچبه‌رێكی كورد له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كیه‌وه‌ كوژرا


وێستگه‌ نیوز -
ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران رایگه‌یاند كه‌ كۆچبه‌رێكی كوردی ته‌مه‌ن 19 ساڵ  له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كییه‌وه‌ له‌ شاری ئه‌درنه‌ی توركیا به‌ چه‌قۆ كوژرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران رایگه‌یاند كه‌ دره‌نگانی شه‌وی رابردوو 23/24ی ئازاری 2019، گه‌نجێكی خه‌ڵكی شاری سلێمانی به‌ ناوی (هۆشمه‌ند خه‌بات محه‌مه‌د مه‌حمود) له‌دایكبووی 2000/10/10 له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كیه‌وه‌ له‌ هۆتێلێكی شاری ئه‌درنه‌ی توركیا به‌ چه‌قۆ كوژرا.

خه‌بات محه‌مه‌د باوكی كۆچبه‌ره‌ كوژراوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ "ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ كوڕه‌كه‌م به‌مه‌به‌ستی كۆچكردن رووی له‌ توركیا كردووه‌، به‌ڵام شه‌وی رابردوو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا له‌ ناو  ئه‌و هۆتێله‌ی لێی ماونه‌ته‌وه‌ له‌ شاری ئه‌درنه‌ی توركیا ده‌بێته‌ شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێیان".

وتیشی: "له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕو ده‌مه‌قاڵێیه‌دا، هاوڕێكه‌ی چه‌ند چه‌قۆیه‌كی له‌ كوڕه‌كه‌م داوه‌و، به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه‌".

هاوكات پۆلیسی توركیا رایگه‌یاند كه‌ "په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ رووداوه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیان كردووه‌به‌ لێكۆڵینه‌وه‌، له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ش دوو كه‌س ده‌ستگیركراون".

پۆلیسی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "له‌ ئیستادا ته‌رمی كۆچبه‌ره‌ كورده‌كه‌ له‌ پزیشكی دادییه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆ له‌ شاری ئه‌درنه‌".

ئاری جه‌لال سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌وباره‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ پۆلسیی توركیا و ده‌ستیانكردووه‌ به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی.

سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌رمه‌كه‌ی له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێندڕێته‌وه‌ بو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و  راده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه‌.


PM:06:06:24/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 4132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت