پەرلەمانی عیراق پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی لە پۆستەکانیان دورخستەوە


وێستگەنیوز-

پەرلەمانی عیراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی لە پۆستەکانیان لابەرێت و قوربانیانی روداوەکەش بە شەهید لە قەڵەم بدات و کەسوکاریشیان قەرەبوو بکاتەوە.

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئازاری 2019، پەرلەمانی عیراق بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیاریدا بە قبوڵکردنی داواکارییەکی عادل عەبدول مەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ لەسەرکارلابردنی نەوفل عاکوب، پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی بە ناوەکانی عەبدولقادر سنجاری و حەسەن عەلاف.

هه‌رله‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مانی عیراق بڕیارێكی دیکەی سه‌باره‌ت به‌ روداوی نقومبونی یه‌خته‌كه‌ی موسڵ ده‌ركرد و بڕیاریدا درێژه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان بدات و لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی كه‌مته‌رخه‌م له‌و روداوه‌ بكات.

په‌رله‌مانی عیراق بڕیاریشی دا سه‌رجه‌م قوربانیانی یه‌خته‌كه‌ به‌ "شه‌هید" له‌قه‌ڵه‌م بدات و كه‌سوكاریشیان قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌ و مافی ئه‌وه‌شی دا به‌ كه‌سوكاریان په‌نا بۆ دادگا ببه‌ن.

ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 21ی‌ ئازاری‌ 2019 له‌ دوورگه‌ی گه‌شتیاری ناوچه‌ی غاباتی شاری‌ موسڵ له‌سه‌ر رووباری دیجله‌ یه‌ختێك به‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر هاوڵاتییه‌وه‌ ژێرئاوكه‌وت.

دواتر وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی عیراق رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ژێرئاوكه‌وتنی‌ یه‌خته‌كه‌ 120 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ 55 كه‌س رزگار كراون و كه‌ ژماره‌یه‌كیان منداڵن، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش سێ رۆژ ماته‌مینیی بۆ قوربانیانی روداوه‌كه‌ راگه‌یاند.

هاوكات د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌ردانی موسڵیان كرد و دواتر سه‌رۆك وه‌زیران له‌ دره‌نگانێكی شه‌وی هه‌ینی 22ی ئازاری 2019، بڕیاری له‌سه‌ر كارلابردنی نه‌وفل عاكوب، پارێزگاری موسڵ و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی دا و به‌وه‌ تۆمه‌تباریكرد كه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان كه‌مته‌رخه‌من و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ بەرپسانی ئیداریی موسڵ سامانی گشتیان به‌هه‌ده‌ر داوه‌ و پۆسته‌ حكومییه‌كانیان قۆرغكردوه‌.


PM:02:56:24/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو